کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکرات لە شۆرای سوسیالیست ئینترناسیۆنال

13:34 - 17 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لەشۆرای سوسیالیست ئینترناسیۆنال بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ی رێبەندان بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێمۆکرات، لەشاری کەسکاشیایی وڵاتی پورتغال بەشداریی لە کۆبوونەوەی شۆرای سوسیالیست ئینترناسیۆنالدا کرد.
رۆژەڤی رۆژی یەکەمی ئەم شۆرایە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پرسی ئابووری جیهان و پرسی ئاسایش و دێمۆکراسی و هەروەها بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵاتی مالی.
هەر لەو پێوەندییەدا هەیئەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ چەند حیزبێکی دیکەی هەر چوار پارچەی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا پرسی چالاک کردنی گرووپی کوردان و هەماهەنگی و هاوکاری کردن لە نێو سوسیالیست ئینترناسیۆنالدا هێنایە گۆڕێ.
هەیئەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە میانەی یەکەمین رۆژی شۆراکەدا چەندین چاو پێکەوتن و دیداری لەگەڵ چەندین حیزبی بەشدار لەم شۆرایەدا ئەنجام دا. لەم دیدار و چاوپێکەوتنانەدا هەیئەتی حیزب روانگە و سیاسەتی حیزبی دێمۆکراتیان بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دێمۆکراتیک، سێکولار و فیدراڵ هێنایە گۆڕێ. هەروەها هەلومەرجی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان و رۆڵی کۆماری ئیسلامی لە نانەوەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا هاتە بەرباس.
لەم دیدارو چاوپێکەوتنانەدا هەیئەتی حیزبی دێمۆکرات پێیان لەسەر پێوستیی پشتیوانی بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی نەتەوە ستەم لێ کراوەکانی ئێران کرد و رۆڵی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵیان وەکوو یەکێک لە ئەڵتیرناتیڤە دێموکراتیکەکانی هەرە بەهێزی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، گرینک نرخاند.