کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان لە پرسەی کاک''ڕەحیم بدەوی''

12:26 - 29 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، گرووپێک لە چالاکان و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان بە کۆبوونەوە لەبەر دەرگای ماڵی کاک ''ڕەحیم'' پرسە و سەرەخۆشیان لەو بنەماڵەیە کرد و ڕێزیان لە خەبات و تێکۆشانی ئەو ژینگەپارێزەی شارەکەیان گرت.

ئەو چالاکوانانە بە پێشکەشکردنی بەیاننامە و وتار هەست و پێزانینی خۆیان بەو کەسایەتییە خۆشناوە دەربڕی و پەیمانیی وەفاداریان بە ڕێبازی پیرۆزی باوکی ژێنگەپارێزیی بۆکان نوێ کردەوە.

 پاشان لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا هەرکام لە مامۆستایان؛ "مستەفا ئیلخانیزادە، ئەمین گەردیگلانی، شوانە و مەسعوود کوردپوور'، وێڕای دەربڕینی هەستی هاوخەمی، لەسەر کەسایەتی و گەورەیی مامۆستا بەدەوی وتاریان پێشکەش کرد .

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، مامۆستا ئەمیر پیادە، وەکوو بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، بە نوێنەرایەتی لە هەموو لقەکانی ئەم فێرگەیە، کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات چالاکی دەکات، پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستە کرد و خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی کاک ''ڕەحیم بەدەوی''، بۆ پارێزگاری و داکۆکی لە سروشتی نیشتمانەکەمانی بەرز نرخاند.

پاشان ئەو چالاکوانانە لە گۆڕستانی شاری بۆکان تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵکۆی کاک ڕەحیم دانا.