کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی ئاشکرای ڕێکخستنی گشتیی حیزب کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بەڕێوە برد

15:47 - 20 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە کۆبوونەوەی بەشی ئاشکرای ڕێکخستی حیزب بۆ سەرجەم بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە.

سەرەتای کووبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن بەرێوەبەری کۆبوونەوە "محەممەد سەیفووری" کادری ڕێکخستن بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و ڕێزی بەرنامەکەی بۆ ئامادە بووان خوێندەوە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو.

 باسێکی سیاسی لەلایەن "تاھیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشت  لەسەر هەڵسانگاندنی ڕیژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێوان ڕابردوو و ئێستادا و ئەو ئاستەنگانە کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵی بەرەوڕوویەو ھاتنە ژێر پرسیاری مەشروعیەتی نیزام و بێزاری خەڵک لەو ڕێژیمەی باس کرد. 

ناوبراو هەڵسەنگاندنێکی کرد لەنێوان متمانەی کۆماری ئێسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاری و ئێستادا، بەپێی ئامار دەر دەکەوێت کە ڕێژیم متمانەی  ٢٤%ی ماوە لەنێو گەلانی ئێراندا کە ئەو ڕێژەیەش کەسانێکن مانی خویان لە مان و مەوجودیەتی ئەم ڕێژیمەدا دەبینن.

 "مەحموودی" هەروەها بەراوردێکی تری کرد لەگەڵ چوونە سەری ئاستی متمانەی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵک دوای هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمە تاکو ئێستا، لە دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان ئەم خوشەویستیەی خەڵک بۆ حیزب زۆر بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە.

"محموودی" داوای لە هاورێیانی کۆمیتە کرد کە هاوکار و پشتیوانی بەشی ئاشکرای ڕێکخستنی حیزب بن بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی حیزب لەو بەشەدا. دواتر جەخت لەسەر ئوسوول  و پڕەنسیپی حیزبی و پێداگری لەسەر بەڕێوەچوونی ئوسول و بڕيارەکان کرایەوە.

"مەحموودی" بە بایەخەوە باسی لە پیوەندی نێوان دەزگای ھەڵبژاردن و دەزگای ڕێکخستن کرد و سپاسی "سەلیم زەنجیری" کرد بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوە و داوای لە بەرپرسانی کۆمیتەکان کرد وەک ڕابردوو ھاوکاری دەزگای هەڵبژاردنی حیزب بن.

 پاشان "شەهرام حەمیدزادە" وەک بەرپرسی تازەی بەشی ئاشکرای ڕێکخستنی حیزب بە ئامادەبووان ناسێندرا.

 بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کار و پرۆژەکانی بەشی ئاشکرای ڕێکخستنی حیزب بۆ داهاتوو کە لەلایەن  "شەهرام حەمیدزادە" بەرپرسی تازەی ئەو بەشەوە پێشکەش کرا.

"حەمیدزادە" وێڕای خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم کۆبوونەوە و بەخێرهاتنی هاوڕێیانی کرد و سپاسی ھاوڕێیانی ڕێکخستنی کرد.

هەروەها کار و پرۆژەکانی لە خزمەت کۆمیتەکاندا باس کرد کە پێوەندیداربوون بە کاری بەشی ئاشکرای  ڕێکخستنەوە، وەک دەسەڵاتدان بە کۆمیتەکان بەپێی ئەو ئایننامەی کە هەیە.

 چۆنییەتی کار کردن لە بوارەکانی پەروەرودە، چۆنییەتی دروستکردنی کێبڕکێی سالم لە نێوان کۆمیتەکان، چۆن و لە چ کاتێک ڕاپۆرت بدەن  بە ئۆرگانی سەروەتر، چۆنییەتی وەڵام وەرگرتنەوەی کۆمیتەکان لە ڕێگای بەشی ئاشکرای ڕێکخستنەوە.

دواتر  دەرفەت بە بەشداران درا کە ڕا و بۆچۆنی خویان لەسەر کار و بەرنامەکانی باس بکەن و ئەو ڕا و بۆچوونانە لەلایەن "تاهیر مەحموودی و شەهرام حەمید زادە" وڵام درایەوە.