کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی کادری دەرمانی و خۆبەخشەکان لە کۆیە لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا ڕێزیان لێ گیرا

17:45 - 14 پووشپەڕ 2721

لە بنکەی سەنتەری گەنجانی شاری کۆیە بە پشتیوانیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مەکتەبی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK)، هاوئاهەنگیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کۆیە و بە بەشداری شاندێکی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزب و کادری دەرمانی نەخۆشخانەی ئازادیی ٢ی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزلێنان لە کادری دەرمانی و ئەو کەسانەی کە لە ماوەی نەخۆشیی کۆرۆنادا خۆبەخشانە لە خزمەت ناوەندە دەرمانییەکان دابوونه بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە چەند ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن مامۆستا "کاوە تەییب" لێپرسراوی ناوەندی شاری کۆیە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

دواتر " ئەبووزێد سالح" لێپرسراوی مەڵبەندی ١٤ی شاری کۆیە سپاس و پێزانینی خۆی پێکشەش بە ئامادەبووان و ئەو پزشکە گیان لەسەردەستانەی کرد کە شەو و ڕۆژ لە خزمەتکردن بە هاووڵاتییان کۆتاییان نەکرد و دژی نەخۆشیی کۆرۆنادا بە هەر شێوەیەک هەوڵیان دا.

پاشان "فەهمی بورهان "لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مەکتەبی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان ئاماژەی بەوە کرد کە کادری دەرمانی و پزشکی پێشمەرگەئاسا هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەدا بوونە بۆ بەرگری لە خاکی پاکی نشتیمان.

ناوبراو هەروەها سپاسی کادره دەرمانییەکانی شاری کۆیە و کادری دەرمانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە هەمیشە یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بوونە هەر لە سەرەتای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شەڕی تێرۆریستانی داعش تاکوو پەتای دژە مرۆیی کۆرۆنا.

هەروەها دوکتور "شێروان جەلال "بەرپرسی سەندیکای کارمەندانی پزشکیی کۆیە و جێگری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆیە بە نۆرەی خۆیان سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرجەم کادرە دەرمانییەکان و زیاتر لە ٢٠٠ کەس خۆبەخشی شاری کۆیە لەوانە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە لەو ماوەیەدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا توانیویانە باشترین سەرکەوتن بۆ شاری کۆیە بەدەست بهێنن.

ناوبراو باسی لەوە کرد لە پێوەندی لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە دژی نەخۆشیی کۆرۆنادا و شاری کۆیە بەنیسبەت شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی تووشبون و مردنی هەبووە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە سەر سەرجەم بەرپرسی ناوەندە دەرمانییەکاندا دابەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە نوێنەرایەتی پزشکەکانی حیزبی دێموکرات درا بە بەڕێز "فازڵ ڕەزایی" بەرپرسی نەخۆشخانەی ئازادیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

لە دابەشکردنی خەڵاتی ڕێزگرتندا لەلایەن شاندی حیزبەوە " ناسر ساڵحیی ئەسڵ" خەڵاتی بەسەر چەند بنکەیەکی شاری "کۆیە"دا دابەش کرد.