کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان لە حاڵی لەنێوچووندان

12:20 - 12 پووشپەڕ 2722

لە شاری "بەرووجێرد"ی سەر بە پاریزگای لوڕستان، ٤٤ حەمامی مێژوویی بوونی هەیە کە بەهۆی دابیننەکردنی تێچووی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەیان، لە حاڵی لەنێوچووندان.

بەشێک لەو حەمامە مێژووییانە لە گوندەکان هەڵکەوتوون کە بەهۆی نەبوونی تێچوو بۆ نۆژەنکردنەوەیان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار، دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ خۆیان هەوڵیان داوە ئەو حەمامانە نۆژەن بکەنەوە.

لە پارێزگای برووجێرد ٢١٥ بینای مێژوویی بوونی هەیە کە ناویان لەنێو پێڕستی ئاسەوارە مێژووییەکاندا تۆمار کراوە و ئەو بڕە تێچوویەی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بینایانە دابین کراوە، زۆر کەمە.

هەر لەو پەیوەندییەدا حەمام و قەڵای مێژوویی "ڕەشیدولدوولە" هەڵکەوتوو لە گوندی "دوورباش"، لە شاری "تیکابـ"ـی سەر بە پارێزگای ورمێ کە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ مێژینەی هەیە لە حاڵی لەنێوچووندایە.

مێژینەی ئەو حەمامە کە لە پاڵ قەڵای "ئەربابی" لەو گوندە هەڵکەوتووە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجارەکان کە لە ئێستادا بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئەو بینایە لەنێو چووە.

ڕێژیمی ئێران بۆ سڕینەوەی پێناسە و مێژووی نەتەوەکانی ئێران بە هەر شێوەیەک هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی زانیاریی ئەو نەتەوانە لەنێو ببات.