کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە بوودجە بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا خوراوە

14:51 - 5 رەزبەر 2720

"حوسێنعەلی شەهریار" سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە ٧٠ لەسەد لە یەک میلیارد دۆلاری سندووقی گەشەی ڕێژیم کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا و دابینکردنی دەرمان و خۆراک تەرخان کراوە نەماوە.

"سەعید نەمەکی" وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردووەتەوە هەتا ئێستا ئەو یەک میلیارد دۆلارەی کە ڕێبەری دەسەلات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا تەرخانی کردبوو دیار نییە و وەزارەتی تەندروستی بۆ دابینکردنی واکسەنی ئانفلۆنزا پێویستی بەو پارەیە هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە زانکۆکانی زانستی پزیشکیی ڕێژیم لە سەرجەم شارەکاندا دەرکەوتووە کە لەو پارەیە تەنیا ٢٧ لەسەدی دراوە بە وەزارەتی تەندروستین و دەرمان.

"شەهریار" هەروەها ڕایگەیاندووە نامەیەک کە بەنیسبەت کەمکاریکردنی دەزگا دەوڵەتییەکانی بۆ یارمەتیدانی بەشی تەندروستی بۆ سەرکۆماری نووسیوە، هەروا بێ وڵام ماوەتەوە.

هەتا ئێستاش کەمبوونی بوودجە بۆ دابینکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی پێویست و خەسارەکانی کادری دەرمان بەهۆی بێکیفایەتیی ڕێژیمەوە بەرۆکی نەخۆشخانەکان، کادری دەرمانی و نەخۆشەکان بەر نادات.