بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکانی شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد" بەبۆنەی شەهیدکردنی زیندانیی خۆڕاگر "حەیدەر قوربانی"، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکانی شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد" سەبارەت بە شەهیدکردنی زیندانیی خۆڕاگر "حەیدەر قوربانی"
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئازادیخوازان و ویژدانە نەسرەوتەکان!
ڕێژیمی پەت و سێدارەی ئاخوندی دیسان دەستی ڕەشی خۆی وەشاند و لە چاڵەڕەشەکانیدا گیانی یەکێک لە وەفادارترین ڕۆڵەکانی نیشتمانی ستاند. ڕووخساری سیستمە توتالیتێرەکان لە گشت جیهاندا ئەوەی سەلماندووە کە دەنگی هیچ جیابیرێک تەحەمول ناکەن و بە تەواوی هێزیانەوە تێدەکۆشن تا ئەو دەنگانەی "نا" بە دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانیان دەڵێن، کپ و لە ئەگەری هاواری دووبارەی ئازادیخوازان، خەڵتانی خوێنیان بکەن. دەسەڵاتی بە تەواوی پاوانخوازی ئاخوندی زیاتر لە چل ساڵە بە هەموو توانایەوە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی کورد دەدات؛ غافڵ لەوەیکە هەر ڕۆڵەیەک کە شەهید دەکرێت، ورەی ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان بەهێزتر و سەنگەری بەرگری و تێکۆشان ئاوەدانتر دەبێت.
ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی شارەکانی کوردستان، بەبۆنەی شەهیدکردنی کاک حەیدەر قوربانی، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ خوێنی تەواوی شەهیدان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان لە خەبات نەوەستین و تا ڕاماڵینی یەکجارەکیی ئاخوند و قوڵەچۆماغەکانیان لەم نیشتمانە خوێناوییەدا، وەکوو پێشمەرگەی شار پشتیوانی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی شاخ بین. باوەڕی پۆڵایینی ئێمە دەڵێت:
"سیستمی کۆنەپەرستی ئاخوندی بەچۆک دادێنین و لە چوارڕێیانی ئازادیدا باوەش پێکدا دەکەین و خەونی شەهیدانمان وەدی دێنین".
مردن و نەمان بۆ ڕێژیمی پەت و سێدارە
سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزی پێشمەرگە کوردستان، ڕێڕەوی بە ئەمەگی خوێنی شەهیدان