کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران لەگەڵ کێشەی بەدخۆراکی بەرەوڕوون

11:24 - 25 رەزبەر 2721

"زارا عەبدوڵڵاهی" بەڕێوەبەری نووسینگەی باشبوونی خۆراکی کۆمەڵگە سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ٨ پارێزگای ئێران لەگەڵ کێشەی "ئەمنییەتی خۆراک" بەرەوڕوون.

بە وتەی "عەبدوڵڵاهی" ٨ پارێزگای "سیستان و بەلووچستان، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، ئەحواز، هۆرمۆزگان، ئیلام، کرمان، خۆراسان و بووشێهر" کێشەی "ئەمنییەتی خۆراکـ"ـیان هەیە.

ناوبراو لە بەشێک لە پارێزگاکان، "کۆرۆنا و هەڵاوسان" بە هۆکاری سەرەکیی "ئەمنییەتی خۆراک" دەزانێت.

هەروەها وتوویەتی، بە دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە خواردەمەنییەکانی وەک: "گۆشت، مریشک، ماددە شیرەمەنییەکان و میوە" ڕێژەی بەکارهێنانیان هەتا ٤٠ لەسەد دابەزیوە.

"عەبدوڵڵاهی" وتوویەتی، بەهۆی گرانبوونی خواردەمەنییە پرۆتۆئینییەکان و وردەبژیەنییەکان خەڵک ناچارن لە نان و برنج و ماددە نیشاستەییەکان کەڵک وەرگرن کە تەنیا قەڵەویی بەدواوەیە کە ئەوەش بە جۆرێک بەدخۆراکی نیشان دەدات.