کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی تر لە دارستانەکانی زاگرۆس، ئاگری تێ بەردرا

13:04 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە و پاساوی بێبنەمای بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم، ۳ دۆنمی تر لە دارستانەکانی زاگرۆس سووتا و زیانی پێ گەیشت.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، مۆرە و بەکرێگیراوەکانی تایبەتی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران، بۆ تاڵان و کاولکاریی دارستانەکانی زاگرۆس، بە بیانووی جۆراجۆر و لە ڕاستیدا بە پیلان و پلانی داڕێژراوەوە، زیاتر لە سەدان و هەزاران دۆنم لە دارستان، لەوەڕگە و لێڕەواری زاگرۆس و ژینگەی کوردستانیان کاول و وێران کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ۲۷ی بانەمەڕ، بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەکانی شاری" قەسرشیرینـ"ـی سەربە پارێزگای کرماشاندا و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمی ئێران لەو شارەدا، زیاتر لە ۳ دۆنم لە لەوڕگە، لێڕەوار، دارستان و ژینگەی ناوچەکانی دەروبەری شاری قەسرشیرین سووتاون و زیانێکی زۆر بەر دارستانەکانی زاگرۆس لەو ناوچانە کەوتووە.

لەم بارەیەوە، "مورادعەلی تاتار"، فەرمانداری شاری قەسرشیرین، ڕۆژی شەممە، ۲۸ی بانەمەڕ، لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا"ـی سەر بە ڕێژیم، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە و پاساوهێنانەوەی بێبنەما بۆ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس، ڕایگەیاندووە: "ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی ڕابردوو لە بەشێک لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچە سنوورییەکانی شاری قەسرشیریندا، بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگەکانی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتی عێراقدا بووە و ئاگرەکە دارستانەکانی زاگرۆسیشی لە ناوچەی قەسرشیرین گرتووەتەوە."

ناوبراو، لە بەشێکی تر لە چەواشەکانیدا وتوویەتی: "بە هۆکاری ئەوەی کە لەوڕگە و لێڕەوار لە وڵاتی عێراقدا بایەخێکی نییە و گرنگیی پێ نادرێت، لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا ئاگریان تێبەرداوە و بەم هۆکارەشەوە تینی ئەو ئاگرە بەشێک لە لەوەڕگەکانی ناوچەکانی قەسرشیرینی گرتووەتەوە".

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیانێکی زۆر بەر دارستان و لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ناوچەکانی زاگرۆس کەوتووە و تەنیا لە شاری قەسرشیرین و لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ۲۰ جار بە هۆی ئاگرکەوتنەوەوە، زیانێکی یەکجار زۆر بەر دارستانەکانی ئەو بەشەی زاگرۆس کەوتووە و زیاتر لە دەیان دۆنم لە ژینگەی ئەو ناوچانە سووتاوە.