کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی دیکە لە قامیشەڵانەکانی گۆلی "زرێبار"ی مەریوان لە ئاگردا سووتا

12:20 - 5 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەر، بەشێکی دیکە لە قامیشەڵانەکانی گۆلی "زرێبار"ی مەریوان لەلایەن کەسانی نەناسراو ئاگری تێبەردرا و ڕووبەرێکی بەرچاو لەو ژینگەیە لە ئاگردا سووتا.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، ٨٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی گۆڵی زرێبار، لە ئاگردا سووتا بوو.

گۆلی زرێبار بە پانتایی ٣٢٩٢ هێکتار لە ٣ كیلومیتریی شاری مەریوان هەڵكەوتووە و بە یەكێک لە ناوەندە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار.
ئەو گۆلە نزیک بە ٥ کیلۆمیتر درێژایی و ١/٥ پانایی هەیە و ئاوەکەی لە كانییەكانی ژێر زەریاچەکەوە دابین دەکرێت.

گۆلی زرێبار لە ساڵی ١٣٩٧دا، وەکوو ٢٥هەمین زەریاچەی نێونەتەوەیی لە کۆنوانسیۆنی شاری ڕامسەر تۆمار کرا.

ژینگەپارێزان بە شێوەی بەردەوام هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو گۆلە دەدەن و پێش بە لەنێوچوونی ئێکۆسیستەمی دەگرن، ڕێژیمی ئێران بە هەوڵە سیستماتیک و بەرنامە دژە ژینگەییەکانی لە رێگای دەستوپێوەندییەکانیەوە هەوڵ بۆ لەنێوبردنی ئەو ژینگەیە دەدات.