کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی زۆر لە کرێکارانی کانگای زێڕی ئاق‌دەڕە لەسەر کارەکانیان دەر کران

10:49 - 16 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ٣٢٠ کرێکاری کانگای زێڕی ئاق‌دەڕە، کە نیوەی زیاتری کرێکارانی ئەم کانگایە پێک دێنن،  لەم وەرزی زستاندا لەسەر کارەکەیان دەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، لە سەرەتای زستانی ئەمساڵدا، گرێبەستی ٣٢٠ کرێکاری وەرزیی کانگای زێڕی ئاق‌دەڕە، لە نزیکی شاری تکاب لە پارێزگای ورمێ، هەڵوەشایەوە.

ئەم کرێکارانە هەر کام لە نێوان یەک هەتا دە ساڵ پیشینەی کارییان هەیە و لە نێوان ٥٢٠ کرێکاری ئەم ڕێژەیە دەسنیشان کراون هەتا گڕیبەستەکەیان واژۆ نەکرێتەوە و لەسەر کارەکەیان دەر بکرێن.

کرێکارانی دەرکراو باسیان لەوە کردووە، کە هەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا، بە بیانووی نەبوونی دەرەفەتی کار لە سەرمادا، کرێکارانی وەرزی بێکار دەکرێن.

لە ساڵانی ڕابردوودشدا، چەندین جار کرێکارانی ئەم کانگایە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر گرێبەستە کاتییەکان، هەبوونی کۆمپانیا پەیمانکارییەکانی پێوەندیدار بە کرێکاران و حەقدەستی کەم مانیان گرتبوو، بەڵام لە جیاتی چارەسەریی کێشەکانیان چەندین جار لە بەهاری ساڵی ١٣٩٥دا، لە لایەن خاوەنکارەکانیانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کرابوو.

بەناو دادگای ڕێژیمی پێوەندیدار ئەم سکاڵایە، بۆ ١٧ کرێکاری ئەم کانگایە بە تۆمەتی: "لەمپەر دروستکردن و هاندانی کرێکاران بۆ کار نەکردن بە پێکهێنانی بشێوەی، سووکایەتیکردن بە نیگابانی کۆمپانیاکە، دڕاندنی جل و دەسبەسەرداگرتنی نایاساییی نیگابان، شکاندنی تابلۆی کۆمپانیا" حوکمی لێدانی قامچی دەرکرد.

بەهاری ساڵی ١٣٩٦یش، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئەم کانگایە، لە هەمبەر ڕادەستکردنی "کۆگای زەڕپوویان" ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە بەردەم ئەم کانگایە کۆ بوونەوە و  خوازیاری دامەزراندنی کرێکارانی خۆجێی بوون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە لە کوردستان سیاسەتی داگیرکاریی ڕەچاو دەکات، لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ناڕەوای خۆی بەسەر کوردستاندا، زۆربەی سەرچاوەی ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکانی کوردستانی نەک هەر تاڵان کردووە، بەڵکوو هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ خستووە هەتا هەموو ئەم سامانە نیشتمانییە نەتەوەییانەی کورد لە نێو ببات.