کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی زۆری ماڵخوراوانی سەڕافیی "کریپتۆلەند" خەڵکی "کوردستانـ"ـن

10:59 - 23 خەرمانان 2721

ڕۆژی دووشەممە  ٢٢ی خەرمانان ماڵخوراوانی سەڕافیی "کریپتولەند" لە تاران لە بەردەم دادسەرای تاوانە ئابوورییەکان کۆ بوونەوە .

سەڕافیی "کریپتولەند" کە بە شێوەی خوازەکی کاری کڕین و فرۆشتنی نهێن پارە "ارز دیجیتال" بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدا پاش دەسبەسەرکردنی خاوەنەکەی بە ناوی "سینا ئێستەوی"؛ لەلایەن هێزە ئەمنییەتەکانەوە داخراوە .

"سینا ئێستەوی" بەهۆی شەڕی دەسەڵاتی نێو باندە گەندەڵەکانی حاکمییەتی تاران ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراوە .

مەزندە دەکرێت نزیک بە ٧٠ هەزار کەس موشتەریی ئەو سەڕافیە بن کە بەشێکی بەرچاویان خەڵکی "کوردستانـ"ـن و بە دەیان میلیارد تمەن دارایی ئەو خەڵکە کەوتبێتە دەست ڕێژیم و ڕێژیم بەهۆی کەمهێنانی بودجە کەڵکاژۆی خۆی لێ وەردەگرێت .

کەسانێک بە ناوی "عەبدی" و "نەریمانی" لە دادسەرای ڕێژیمدا بەرپرسی پێدانەوەی ئەو سەرمایانەن بەڵام لە ئاست داواکاری و کۆبوونەوە و دروشمەکانی ماڵخوراواندا هیچ وڵامێک نادەنەوە .

لەحاڵێکدا کە یەکەم ڕۆژ "نەریمانی" و "عەبدی" بە خەڵکیان ڕاگەیاندبوو کە لە ماوەی ۷۲ کاتژمێردا هەموو سەرمایەی خەڵک دەدەنەوە زیاتر لە ٥ مانگە سەرەڕای هەبوونی حوکمی قەزایی بۆ دانەوەی سەرمایەی خەڵک، بەرپرسانی دۆسیەکە وڵامی هیچ لایەنێکی چاوەدێری دەسەڵات نادەنەوە .