کوردستان میدیا: حکوومەتی عێراق لە هەوڵێک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەندین بەرهەمی وەرزێڕیی هاوردەی ئێرانی قەدەغە کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی "وەزارەتی کشاوەرزیـ"ـی ڕێژیمی ئێران، ١٧ بەرهەمی وەرزێڕیی ئێران، هەناردەکردنیان بۆ عێراق قەدەغە کراوە و ئەو بڕیارەش جێبەجێ کراوە.
بەرهەمەکانی وەک: ''تەماتە، سێوک، خورما، هەنار، پیواز، شووتی، کاهوو، بامجانی ڕەش، گوڵی کەلەم" و چەند بەرهەمی دیکە، هاوردەکردنیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەدەغە ڕاگەیەندراوە.
بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە، عێراق لە بواری بەرهەمهێنانی ئەو ١٧ بەرهەمە ئێستا خۆڕسکە.
لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق، لە تویتێردا بە هەشتەگی "#خلوها_ تخیس" بە مانای "بهێڵن با بگەنێت"، داوایان لە خەڵک کردبوو کە کاڵای ئێرانی نەکڕن.
ئەو بڕیارەی عێراق لە کاتێکدایە کە "شاهرۆخ شەجەری"، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی هەناردەکردنی وەزارەتی جەهادی کشاوەرزیی ڕێژیم یەک حەوتوو لەمەوبەر وتبووی، ٣٥ لەسەدی هەناردەکردنی بەرهەمە وەرزێڕییەکانی ئێمە بۆ عێراقە و دەبێ ئێمە بەرنامەی ٥ ساڵەمان بۆ ئەو بەشە هەبێت.
ئەو بڕیارەی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بەشی وەرزێڕی لە ئێران و بەتایبەتی دۆخی بازرگانان دادەنێت.