کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بەغدا" جۆ بۆ "تاران" دەنێرێت

16:47 - 2 بەفرانبار 2720

وەزارەتی وەرزێڕیی عێراق ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی لەبڕی قەرز بۆ تاران جۆ هەناردە دەکات.

"حەمید ئەلنایف" وتەبێژی وەزارەتی وەرزێڕیی عێراق  ڕایگەیاندووە ٧٠٠ هەزار تۆن جۆ بە نرخی ١٢٥ دۆلار بۆ ڕێژیمی ئێران دابین کراوە.

ئەو بەرپرسەی عێراق وتوویەتی: "ئەو بڕە جۆیە بۆ ئەوەیە بەغدا بەشێک لە قەرزی خۆی بە تاران بداتەوە و وەزارەتی وەرزێڕی پشتیوانی لە وەزارەتی دارایی دەکات بۆ ئەوەیکە حەقدەستی وەرزێڕان بە تەواوی بدات".

ساڵی ڕابردوو باس لەوە کرا کە عێراق لە بەرانبەر نەوتدا خۆراک بە ئێران دەدات؛  دواتر ئەو هەواڵە لەلایەن ڕێژیمی تاران بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە و تاران بە جیگای قەرزی گاز و بەرق خۆراکی لە بەغدا هاوردە کرد.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگای پارە دەبێ کاڵا هاوردەی ئێران بکات.

دەوڵەتی عێراق کە خۆی بۆ ماوەی ٨ ساڵ گەمارۆی ئابووری لە سەر بوو؛ بە جێگای نەوت خۆراکی هاوردە دەکرد و یەکێک لە وڵاتانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکانە.

 هاوردەکردنی خۆراک لە بەرانبەر پارەی گاز، بەرق و نەوتدا دەبێتە هۆی دابەزینی داهاتی دەوڵەت و هەڵوەشانەوەی ئابووریی ولات.