کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەفر و باران دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشانی دژوارتر کردووە

11:09 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بارینی بەفر و باران دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشانی زۆر خراپتر لە جاران کردووە و ژیانێکی دژوار و ئەستەم تێدەپەڕێنن.

خەڵکی لێقەماوی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش زیاتر لە ساڵێک بە سەر تێپەڕینی کارەساتی دڵهەژێنی بوومەلەرزە لەو پارێزگایەدا، هێشتا لەخێوەت و کانێکسدا ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەسەر دەبەن کە لە وەرزی زستان و سەرما و بارینی بەفر و باراندا ژیانیان دەکەوێتە سەر لافاوی قۆڕاوەکان کە ئەمە ژیانیان زۆر ئاستەم و دژوارتر لە جاران دەکات و سەرماش هەڕەشە لە گیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکات.

بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردووەتەوە، دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی ناوچەکانی کرماشان زۆر نالەبارە و بەفر بە تەواوەتی ڕەشماڵەکانیانی داپۆشیوە و سەرما ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە، لە هەندێک لەو ناوچانەش بە هۆی باران بارینەوە لافاو چووەتە نێو ڕەشماڵەکان و هەموو کەلوپەلەکانی ئەو خەڵکە کەوتووەتە سەر لافاوی قوڕاوەکان.

سەرەڕای ئەوەی کە نزیک به ساڵ و نیوێک بە سەر بوومەلەرزە ۷ ڕیشتەرییەکی پارێزگای کرماشاندا تێدەپەڕێت، هێشتا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێکیان لە خەڵکی ئەو پارێزگایە نەداوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش گەوەرترین لەمپەرن بۆ گەیاندنی یارمەتییەکانی خەڵکانی ناوچەکانی تری کوردستان.

شایانی باسە کە ئەمە دووهەمین زستانە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان لەو بارودۆخەدان و نەبوونی کەرەستەی گەرەمکەرەوەش گەورەترین کێشەی بۆ ئەو خەڵکە درووست کردووە و سەرما گوشاری خستووەتە سەر ژیانیان، ئەمە لە کاتێکدایه که بەرپرسانی ڕێژیم زۆرجار لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان درۆی بێبنەما بڵاو دەکەنەوە کە خانوو بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان ساز کراوە و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەرپرسانی ڕێژیم هەموو جارێک لە پێش کامێراکانەوە هەوڵی داپۆشینی ڕاستییەکان دەدەن و حاشا لە دۆخی خراپی خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە دەکەن.

ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران، لەباتی ئاوڕدانەوە لە دۆخی پارێزگای کرماشان، لە ماوەی زیاتر لەو یەک ساڵەدا، جیا لەو تێچووەی کە خەرجی کاروباری سەربازیی و کەرەستە سەربازییەکانی کردووە و بوودجەی هێزە تێرۆرستییەکانی زیاد کردووە، زیاتر لە سەدان و هەزاران میلیاردی لە وڵاتانی عەرەبی وەکوو لۆبنان، سووریە، فەلەستین و ... ، بە فیڕۆ داوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، وێڕای ئەوەی کە پێشتر ژنێکی لۆبنانی لە گرتەڤیدیۆیەکدا باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران باشترین ئیمکانات و خزمەتگوزاریی خۆشبژێویان بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دابین کردووە و تەنات کرێ خانووی مانگانەشیان بۆ دابین دەکەن تاکوو خانووەکانی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە.

 لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەرپرسی ڕێژیم بۆ کاروباری سووریە ڕایگەیاند، کە ڕێژیمی ئێران لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەوڵی خۆی بۆ ئاوەدان کردنەوەی ناوچە خاپوورکراوەکانی سووریە دەخاتە گەڕ.