
لە ماوەی ڕابردوودا بارینی بەفر و باران شار و گوندەکانی کوردستانی گرتەوە و پلەی گەرمیی هەوا هەتا ئاستێکی زۆر دابەزی.
بەهۆی بارینی بەفر و کڕێوەی زۆرەوە ڕێگای هاتوچۆی زۆربەی شارەکانی کوردستان گیراون و لەو ماوەیەدا چەندین ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە.
قوتابخانەی زۆربەی شار و گوندەکان بەهۆی ئەو بەفر و بارانە داخراون و وانەکانی خوێندن بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوونه.
بارینی بارانی زۆر لە پارێزگای ئیلام بووەتە هۆی ئەوەی ئاو دزە بکاتە نیو ماڵی هاوڵاتییانەوە و هەروەها پردێک لە بەشی "مورموری" ئەو پارێزگایە تێک ڕووخاوە.
بەهۆی بارینی بەفر و کڕێوەی زۆر و تەمومژاویبوونی هەواوە، ئاستی دیتن کەم بووەتەوە و بەو هۆیەوە چەندین ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە.
هاوکات بەهۆی ڕێژەی بارینی بەفری زۆر هەندێک ئاژەڵی کێوی وەک گورگ ڕوویان لەنێو شار و گوندەکان کردووە.
هاوکات لەگەڵ بارینی بەفر و بارانی زۆر زۆربەی گۆل و چۆم و ڕووبارەکان لە کوردستان ئاویان تێ زاوەتەوە و پڕئاو بوونەتەوە.
بارینەکان لە زۆربەی ناوچەکان بەشێوەی بەفر، باران و لە هەندێک شوێن تەرزە بووە.
پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەی گەرمی لە کوردستان زیاتر دادەبەزێت.