کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەفر چەندین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی سپی پۆش کرد

12:02 - 7 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی ٦ی سەرماوەز لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکەم بەفربارینی ئەمساڵ دەستی پێکرد و خەڵکی لە هەندێک لە شارەکان تووشی کێشە کرد.

لە ورمێ لە گوندەکانی وەک: "کەوێ زەر، ڕێگاکانی مەرگەوەڕ، هەلەج، میرئاوا و قایر" و چەندین گوندی دیکە بەهۆی بارینی بەفر ڕێگاکانی هاتوچۆی خەڵک تووشی کێشە بووە. هاوکات بەهۆی بەفربارینەوە کارەبای شاری ورمێ بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر پچڕابوو.

 لە "پیرانشار" شەقامەکانی ئەو شارە بەهۆی بەفربارینەوە بەستراون. چەند گوند کارەبایان پچڕاوە و شارەداری ڕێگاوبانەکانی خاوێن نەکردووەتەوە و خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە "سەردەشت" ٨ کەس کە ڕۆیشتوونەتە چیاکانی "قەندیل"، بەهۆی بارینی بەفرەوە ڕێگایان لێ ون بووە و هەتا ئێستا زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌فر شاری‌ سه‌قز ‌و ده‌وروبه‌ری‌ داپۆشی‌، ماشینێكی‌ زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار ‌و ته‌نانه‌ت نێو شاریش له‌ به‌فردا گیریان کردووە و دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵک لە به‌فر ‌و سه‌رمادا ڕزگاریان بووە.

بارودۆخی‌ شه‌قامه‌كانی‌ نێو شاریش به‌ جۆرێكه‌ كه‌ به‌ كه‌مترین باران یان به‌فر خه‌ڵک گیر ده‌خۆن‌ و په‌كیان ده‌كه‌وێت‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا ڕوون بووه‌ كه‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ شاره‌داری‌ ده‌یان میلیارد تمه‌نیان دزیوه‌.

لە دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ به‌فر شاره‌داری‌ شه‌قامه‌كانی‌ خاوێن نه‌كردووەتەوە. هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاریش ده‌یان ماشینی‌ گه‌وره‌‌ و بچووک له‌نێو به‌فردا گیریان كردبوو، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ هانایانه‌وه‌ چوونە.