کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ بەلەمی کوەیتی لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە ڕاگیرا

11:48 - 30 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ٣ بەلەمی ڕاوکەری کوەیتی لە کەناراوی ماهشەهردا، لە لایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگیرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بەفرانبار، ٣ بەلەمی ڕاوکەری کوەیتی لەلایەن هێزەکانی ناوچەی ٣یەمی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە "کەناراوی ماهشەهر"، ڕاگیرا و ٩کەس کە لەو ٣ کەشتییەدا بوون دەستبەسەر کران.

سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئیدعای کردووە کە، "ئەو بەلەمانە بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە ئاوەکانی ئێرانەوە".

"عەلیڕەزا ئەحمەدی"، فەرماندەی ناوگرووپی ڕەزمیی ناوچەی ٣ی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە کەناراوی ماهشەهر ڕایگەیاندوە کە، ئەو ٣ بەلەمە لە دەوروبەری سەکۆوە نەوتییەکانی کەناراوی ماهشەهر ڕاگیراون.

ڕاوکەرانی ناوچەیی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا، زۆربەی کات بە تاوانی ڕۆیشتنی نایاسایی بۆ ئاوەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەر دەکرێن و پاش ماوەیەک دەستبەسەری و لێپێچینەوە ئازاد دەکرێن.

سپای پاسدارانی ڕێژیم پێشتریش بەلەمی ڕاوکەرانی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی بە بیانووی رۆیشتنی نایاسایی بۆ ئاوەکانی ئێران ڕاگرتووە.

بەرپرسانی کوەیتی تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بەو هەواڵە نیشان نەداوە.