کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەلەمەکانی ڕێژیمی ئێران ناوێرن نزیکی پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئامریکا ببنەوە

12:31 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە، کە لە درێژەی ئەمساڵدا بەلەمەکانی ڕێژیمی ئێران، ناتوانن سەرئێشە بۆ پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئامریکا ساز بکەن.

دانڵد ترامپ بە ئاماژەکردن بە بەڵگەکانی هێزی دەریاییی ئامریکا، لە پەیجی توێتری خۆیدا ئامارێکی بڵاو کردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوودا، سەرئێشەی بەلەمەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پاپۆڕەکانی ئامریکا بە سفر گەیشتووە.

لەو تویتەدا هاتووە، کە لە ساڵی ٢٠١٥، "٢٢" جار، لە ساڵی ٢٠١٦، "٣٦" جار،  لە ساڵی ٢٠١٧، "١٤" جار و ٢٠١٨ هیچ بەلەمێک نزیکی پاپۆڕەکانی ئامریکا نەبووە و ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەلەمە خێراکانی سپای پاسداران لە ئاوە ئازادەکانی کەنداودا لە چوارساڵی ڕابردوودا بەپێچەوانەی یاسای دەریایی جووڵانەتەوە و زۆرجار نزیکی پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئامریکا بوونەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوو دەیان جار بەلەمەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، نزیکی پاپۆڕەکانی ئامریکا لە کەنداو بوونەتەوە و لە لایەن پاپۆڕەکانی ئامریکا هۆشداریان پێ دراوە، بەڵام هەتا کاتی هاویشتنی گولـلەی هۆشدارکردنەوە، بەلەمەکانی سپای پاسدران دوور نەکەوتوونەتەوە.

بەرپرسانی ئامریکا و فەرماندەکانی هێزی دەریاییی ئامریکا، زۆرجار ئەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کردووە و هۆشداریان بەو ڕێژیمە داوە، کە دەست لە کردەوە دنەدەرانەکان هەڵگرن و پێبەند بە یاسا نیودەوڵەتییەکان بن.

ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی کێشەی بۆ پاپۆڕەکانی ئامریکا لە کەنداو دروست کردووە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە گوشارە جیهانییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران کەم بووە، زۆرجار هەوڵی داوە، کە هەڕەشەیەک بێت لەسەر پاپۆڕەکانی ئامریکا لە ناوچەکە، بەڵام لە کاتی هاتنە سەرکاری ترامپ وەکوو سەرۆکی ئامریکا و کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێرانیش بەرەبەرە پاشەکشەی کردووە.