کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو ڕێفورمخوازانی ڕێژیم، پشتیوانی لە ئەندامێکی هەیئەتی مەرگ دەکەن

11:54 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەناو ڕێفورمخوازانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، بە نیسبەت ئەگەری هەڵبژاردنی "ئیبراهیم ڕەیسی"، بۆ سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیم، شاگەشە بوون.

لە دوای ئەوەی کە خامنەیی  ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا کە ئەگەری هەیە لە "سادق ئامۆلیی‌لاریجانی"، سەرۆکی ئێستای دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، "ئیبراهیم ڕەیسی" دانرێت، بەناو ڕێفورمخوازان خۆشحاڵ بوون.

رەیسی پشتیوانی بناژۆخوازەکانی ڕێژیمی ئێرانی نییە، بەڵام بەناو ڕێفورمخوازانی نێو ڕێژیم، پێشوازییان لەو بڕیارەی خامنەیی و دانانی ڕەیسی لەو پۆستەدا کردووە.

موحسێنیی‌ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران باسی لەوە کردووە، خولی نوێی دەزگای قەزایی بە سەرۆکایەتیی ڕەیسی بەڕێوە دەچێت.

هەتا ئێستا ئەو حوکمە لە لایەن خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمە ڕانەگەیەندراوە.

"ئیبراهیم ڕەیسی''، یەکێک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیمی ئێران بووە، کە لە هەیئەتەکانی مەرگدا دەستی هەبووە.

مونتەزیری لە یەکێک لە فایلە دەنگییەکانیدا کە لە بارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە ئیبراهیم ڕەیسی یەکێک لە جەنایەتکارەکان بووه.

لە ئێعدامەکانی سالی ٦٧دا لە ماوەی چەند مانگدا ٢٨٠٠ هەتا ٣٨٠٠ کەس ئێعدام کراون.

بەشی هەرەزۆری ئەو كەسانەی كە لەو ساڵەدا ئیعدام كراون و ژمارەیان لە ٥ هەزار كەس تێدەپەڕێت، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و دژایەتیكردنی ئینقلاب (ڕێژیم) گیانیان لێ ئەستێندرا.

ناوبراو دوای ساڵی ٦٧ لە پۆستە باڵاکانی دەزگای قەزاییدا چالاکی هەبووە و ئێستاش بڕیارە ببێتە سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.