مەلا برایمی مەجیدپوور
وەک هەمومان دەزانین و مێژووش شایەدیمان بـۆ دەدا، کـورد گـەلێکە بـوونی مسۆگەرە، خاوەنی زمان، فەرهەنگ، کلتور و دابونەریتی تایبەت بەخۆیـەتی. کوردستانیش سەرەڕای هەزاران بەندوبەست و فرتوفێڵ و دەستدرێژی و تـەفریس، تەعریب و تەتریک، هەروا بەکوردستان لەسەر زەوی و زاروزمانان ماونەتەوە، کێ حاشای لێبکا نەزانە، بۆیە دەڵێم: کەنازانی، گوێم لێبگرە.
سەرەڕای میلیتاریزەکردن و دوژمنایەتییەکی جینایەتکارانەی چوار وڵاتی داگیرکەر، دروستکردنی سەدان بنکە و بارەگای دژەکورد لەژێر ناوی جۆراوجۆر وەک فورسان، سوپای پاسداران، حەشد و چی و چی، پێکهێنانی پۆلە جاش و سیخۆر و خۆفرۆشەکان، بۆ تاکەساتێک خەبات بۆ ئازادی نەوەستاوە. فتوای جیهاد و ئەنفال و جڕوجانەوەرانیتر کوردی بەچۆکدا نەهێناوە. بێگومان کەوتن وهەستانەوەشی زۆر بوون و گەلێک قوربانیش دراوە. ناکۆکی و یەکنەگرتویی و لە هێندێک بواریشدا شەڕی خۆبەخۆیی، هیچ کەمتر لە دوژمنەکان زیانی بۆ گەل و خەباتەکەمان نەبووە، بۆتە هۆی دروستبونی ئەو کون و کەلەبەرانەی کە دوژمن لەوێڕا زەفەریان پێبردوین، دەسکەوتەکانیان لەبار بردووین، کاروانی خەباتەکەیان وەدوا خستووین. بۆیە دەڵێم: کەنازانی،گوێم لێبگرە!
دوژمنان هەوڵی بێوچانیان داوە و سەرمایەیەکی زۆریشیان بۆ تەرخان کردووە تاکوو خەباتەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئازادی نیشتمان ومافی نەتەوایەتی بکەن بە داوایەکی دژەئایین کە زۆربەی هەرەزۆری گەلەکەمان هەیانە، تا بەو بیانووە لەبەر یەکمان ڕابگرن . لە ڕێبازی ئەسڵی خۆی لای بدەن و بیکەنە بابەتێک کە بەهیچ جۆر مەبەستی کورد و ئەو حیزبەی کە ئاڵاهەڵگری وەدەستهێنانەوەی مافە داگیرکراوەکانە نییە. گەلۆ حیزبێکی کە بەرنـامەو پێڕەوی بۆ وەدەستهێنانەوەی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینەکە لە نیهایەتدا ڕزگاری نیشتمان وگەلە، لەو بوختان درۆو دەلەسانە بەدورە. بۆیە دەڵێم: کەنازانی،گوێم لێبگرە.
بەداخەوە ئەوەندەی من لەبیرمە خەباتی گەلەکەمان دەگەڵ دوو بەربەست بەرەوڕوو بووە و زیانی گەورەشی بەهۆی ئەوان لێکەوتووە. یەکەم؛ سەرەڕای ئەوەی خۆی گەلێکی زۆرینە موسوڵمانە،کوردستان سەرزەوییەکی فەرە ئایینیشە، بـەڵام هەر لـەژێر ناوی ئایین بە دڕندانەترین شێوە لێی دراوەو پەلامار دراوە. دووهەم: لەلایەن غەیرە ئایینەکانیشەوە و بەناوی بورژوا و دین ئەفیونی کۆمەڵە و زۆر ناویتر زۆر بێئینسافانە لە سەروگوێـلاکی دراوە. بـەڕاشکاوی دەڵـێـم: یـەکـەمـیان بەتەواوی ناڕاستە، چونکە زۆربەی کورد کافر و لامەزەب نییە و حیزبەکەشیان نە ئایینیە و نە دژە ئایینیە. کە دەڵێم حیزبەکەشیان مەبەستم حیزبی دێمۆکراتە، دەنا ئیتریشمان هەن. نە دووهەمیان ڕاستی بۆ چووە، چونکە کورد ئەو گەلە نییە کە ئەوان سیمایەکیان بۆکێشاوە، بەڵکووکوردستان سەرزەویەکە سەرەڕای دابەش و داگیرکراوی و بێدەرەتانی زۆر ژیرانە و بوێرانە خاوەنی هەمـوو ئیدە و ئایین و بێدینەکانیشی لە خۆیدا جێکردۆتەوە، مەگەرگێرەشێوێنان دروستیان کردبێ ئەگینا بێحورمەتی بە هیچکامیان نەکراوە. ماف و کەرامەت و کەسایەتییان بەتەواوی پارێزراوە. بۆیە دەڵێم: کەنازانی،گوێم لێبگرە!
بۆ ڕونکردنەوە و وڵامدانەوەی پرسیاری هێندێک ناسیاوی نیزیک و دوور هێندێک لۆمە و تانە و تەشەرکە بەمجۆرە دەپرسن ودەڵێن: ئەو حیزب و سازمانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەیان ئایینێکیان نییە، هێندێکیان دژی ئایینیشن، هێندێکیان ناوی ئایینیان هەیە بەڵام لەژێر کارتێکەری دژەئایینیەکاندان، تۆ کە خاوەنی ئایینێکی و مامۆستای ئایینیش بووی، چۆنە دەگەڵ ئەوانە کارت کردووەو دەیکەی؟!
وڵام: ئەوەی جێگای داخە زۆربەی ئەو پرسیار و گلەو تۆپ و تەشەرانە هەمان جۆرە پـڕوپـاگەنـدەن کە دوژمنانی کورد بەگشتی وکۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی کردوویانەو دەیکەن! بـۆ ئـاگاداری ئـێـوە من ڕێبازی شەهید پێشەوا قازی محەممەدم گرتووەکە زاناترین ولێزان و لێهاتووترین پێشەوای ئـایینی لانیـکەم مەڵبەندی موکریان و دامەزرێنەر و سەرکۆماری،کۆماری کوردستان بوو. من هەرگیز وەک ئێوە بیرم نەکردۆتەوە و چاوم لە مەسەلەکە نەکردووە و ناشیکەم. بابەتەکە بەلای منەوە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئیدەیەکەوە نییە. من کوردێکم خولیای ئازادی نیشتمان وگەلم، سەربەخۆیی بە مافێکی شەرعی گەلەکەم دەزانم و دڵنیاشم هیچ ئایین و ئیدەی بانەدراوی لە ڕاستی هەتڵەنەکراو دژایەتی ناکا و بەحەرامی نازانێ. خەباتی ئێمە بۆ ڕزگاری نیشتمانێکی داگیراو و سەربەستی گەلێکی مافخوراوی لە ماڵی خۆیدا بەندکراوە. هەر ئایین و ئیدەیەک دژی ئەو مافەم بێ دژی دەبم! ئەوەندەی من لە دین وسیاسەت تێگەیشتوم هەمویان دەبێ بۆ بەختەوەری گەل وئاوەدانی وڵات کاربکەن و بۆ ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە هاوکار و یاریدەدەر بن. بۆیە دەڵێم: کەنازانی،گوێم لێبگرە!
ناچمە ناو قوڵایی باسەکەو دەڵێم: ئەوانەی خۆیـان بـە پێڕەوی ئیسلام یـان ئایینەکانیتر دەزانن با چاوێک بە مێژووی پەیامبەرەکانیاندا بخشێننەوە، بەتایبەت موسوڵمانان کە زۆرینەی کورد ئەو ئایینەیان هەیە، سرنجی بێدەمارگرژی و واقیعبینانە بدەنە یەکەم پەیمانی محەممەد (ص) دەگەڵ دانیشتوانی (مەدینە) بە موسوڵمان ومەسیحی ویەهودی و غەیرەئایینیەکانیشەوە بەستی، بـۆ بەرگری لەو شارەو لە ئیسلامیشدا بە شەڕی خەندەک ناو نراوە. بە هەموویان بەرەنگاری پەلاماری هێرشکەران بوون وسەرئەنجام سەریش کەوتن. بۆیە پێتان دەڵێم:کە نازانن،گوێم لێبگرن!
بە ڕۆیشتن بەو ڕێبازەدا، بۆ ڕزگاری زێد وگەل و بەرەنگاری و وەدەرنانی داگـیرکەران، دەگەڵ هەر دەستە و تاقم و دەسەڵاتێک کە ئامادە بێ یـارمـەتیمان بـدا بەمەرجێک ڕێز بۆ خەباتەکەمان دابنێن وبەحورمەتەوە بڕواننە ماف و داواکانمان، مافی ئازادی و سەربەخۆیی بڕیاردانمان لێنەستێنن، ببینە هاوکار و هاوپەیمان وکارێکیشمان بە دینی یەکتر نەبێ، خواش فەرمویە:( دینی خۆتان بـۆخۆتان ودینی خۆشمان بۆخۆمان). منیش دەڵێم : ئەی ئەوانەی کەوتوونـە ژێـر کارتێکەری دوژمنان و بەناوی ئایین بەلاڕێیاندا بردوون، یان کڕیویانن، باش بزانن: داوای مافێکی ڕەوای داگیرکراو، خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، هەقێکە هیچ یاساو قانون و ئیدەو ئایینی ئەم دنیایە ناتوانێ حاشای لێبکا جگە لەوانەی زاڵم وداگیرکەرن یا دۆڕاو و فرۆشراون. نمونەیەکی بەرچاوی نیزیک: لەکاتی بەڕێوەبردنی ڕاپرسی گشتی باشوری کوردستان، بۆ سەربەخۆیی جگە لە داگیرکەرانی کوردستان، هیچ ئۆرگانێکی نێودەوڵەتی و تەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکانیش بە عیبادیشەوە کە دوایی گەلەکۆمەکی کردە سەر سەربەخۆییخوازان، نەیانکووت کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نییە بەو ڕاپرسیەشەوە تەنیا دەیانکوت: کاتی نییە!! باش بزانن ئەوەی ئێوەی تێوەگلاون پیلانی دوژمنانە نە دینە و نە قانونە. بۆیە دەڵێم:کەنازانن، گوێم لێبگرن!
بۆیە هیوادارم خۆڕاگر بین و لەسەر داوا ڕەواکەمان سوور بین، سەربەرزی و شەرەف و کەرامەتی خۆمان و زێد و گەلەکەمان بە هیچ نرخێک نەفرۆشین و لەدەستی نەدەین.
بەو هیوایە
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.