کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەنداوی "سێمرە" کێشەی بۆ دانیشتووانی گوندی "تەڵخاو" دروست کردووە

11:17 - 11 رەشەمه 2720

بەنداوی "سێمرە" لە گوندی "تەڵخاو" سەر بە پارێزگای ئیلام کێشەی بۆ دانیشتووانی گوندی "تەڵخاو" دروست کردووە.

لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٥ بەشێک لەو زەوییانەی کە لە تەنیشت خانووی دانیشتووانی گوندی "تەڵخاو" هەڵکەوتوون، داخزیون و زەوییەکان قووڵکەیان تێدا دروست بووه.

بەردەوامیی داخزانی زەوییەکان بووەتە هۆکاری قەڵشینی خانووی دانیشتووانی گوندی "تەڵخاو" و بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە لە ترسی ڕووخانی خانووبەرەکەیان گوندەکەیان بەجێ هێشتووە و چوونەتە شار.

هەروەها بەشێکی دیکە لەو خەڵکە بەهۆی هەژاری لە گوندەکەدا ماونەتەوە و لەژێر خێوەتدا دەژین.

بەدواداچوونەوەکان دەریانخستووە کە ئاوگیریی بەنداوی "سێمرە" یەکێک لە هۆکارەکانی داخزینی زەوی و دروستبوونی پاشلەرزەکان و قەڵشینی دیواری خانووبەرەکانه.

دانیشتوانی گوندی "تەڵخاو" وتوویانە: "بەر لە دروستکردنی ئەو بەنداوە بۆ پێشگرتن لە گوشاری ئاوی بەنداوی سێمرە بۆ سەر زەوییەکانی گوندی تەڵخاو، کاربەدەستانی ڕێژیم بەڵێنییان بە خەڵک دابوو زەوییەکانی خوارووی گوندی تەڵخاو بتۆنڕێژی بکەن، بەڵام بەپێچەوانەی بەڵێنییەکەیان تەنیا ئەو شوێنەیان خیزڕێژ کردووە".

ژیانی خەڵکی گوندی "تەڵخاو" بەهۆی بەنداوی "سێمرە" تووشی کێشە بووە و کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە.