کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەنداوی مەهاباد هەڕەشەی پیسبوونی لەسەرە

18:12 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بوونی زبڵ و پاشماوەی زۆر لە قەراخ بەنداوی مەهاباد و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە، مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر ئەم بەنداوەی دروست کردووە.

لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووتەوە، نیشان دەدات کە لە ژینگەی دەوروبەری بەنداوی مەهاباد، پاشماوە و زبڵێکی زۆر فڕێ دراوە و ئەمە مەترسیی پیسبوونی ئاوی ئەم بەنداوەی دروست کردووە و لە لایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە هیچ هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی ئەم زبڵە نادرێت و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم شارەی لێکەوتووتەوە.

ئەم زبڵ و پاشماوانە لە ئەگەری تێکەڵبوون بە ئاوی ئەم بەنداوە، مەترسییەکی گەورە بۆ گیانی خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری، کە ئاوی خواردنەوەیان لەم بەنداوەیە دابین دەکەن، ساز دەکات.

هەروەها بەنداوی مەهاباد کە شوێنێکی گەشتیارییە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا زۆر کەس سەردانی دەکات، لە لایەن کاربەدستانی ڕێژیمەوە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە و ئەم زبڵ و پاشماوانە دیمەنێکی ناحەزی بەم شوێنە بەخشیوە.

بەهۆی نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم، دیمەنی ئەم بەنداوە تێک چووە و وێڕای هۆشدارەکانی خەڵک و ژینگەپارێزان، هیچ کاربەدەستێکی ڕێژیم، وڵامدەر نییە.