کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی بەلووچ ئێعدام کرا

13:09 - 11 رێبەندان 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران بەرانبەر بە ئێعدامکردنی "جاوید دێهقان خولەد"، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ، کاردانەوەی پیشان داوە و داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە بەرانبەر بە ئێعدامی زیندانییانی بەلووچ کاردانەوە نیشان بدەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان، "جاوید دێهقان خولەد"، بەندکراوی بەلووچ کە بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی بە ئێعدام مەحکووم کرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی "زاهیدانـ"ـدا ئیعدام کرا.

"مەحموود ئەمیری موقەدەم"، وتەبێژ و بەڕێوبەری ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە لەو بارەوە وتوویەتی: "جاوید دێهقان خولەد بە بێ هەبوونی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەپێی دانپێدانانێک کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا؛ ئێعدامی ناوبراو جینایەتە و بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێ وڵامدەر بن".

"جاوید دێهقان خولەد"، تۆمەتی وەک "دژایەتی لە ڕێگای هەڵگرتنی چەک و هێرش بۆ سەر مەئموورەکانی سپا، ئەندامەتی و هاوکاریی کاریگەر لەگەڵ گرووپەکانی دژی ڕێژیم وەکوو جەیشولعەدل و جەیشولنەسر"ی پێ لێ درابوو.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەرچاوەکانی ئاگادار، بە ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێرانیان ڕاگەیاندبوو کە ناوبراو بە بێ چەک دەسبەسەر کراوە و ئەو تۆمەتانە بەپێی دانپێدانانەکانی خۆی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە پێی دراوە.

ناوبراو ساڵی ٩٤ی هەتاوی دەسبەسەر کرا و نزیکەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر ئەشکەنجەدا بوو کە کۆمەڵێک دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیرا و ناچار بوو دژ بە خۆی قسە بکات.

بەپێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییە، لە ماوەی ٥ حەوتووی ڕابردوودا، لانیکەم ٢١ کەسی بەلووچ لە شارەکانی "مەشهەد، ئیسفەهان و زاهیدانـ"ـدا ئیعدام کراون کە لانیکەم ٥ کەسیان بە تاوانی سیاسی و ئەمنییەتی مەحکووم کرابوونە.