کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەنزین سەرەڕای هەڵکشانی نرخەکەی، جیرەبەندیش دەکرێت

13:19 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: جیرەبەندیکردنی بەنزین لە ئێراندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوکات نرخەکەشی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

سەرەڕای ئەوە کە وڵاتی ئێران، یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری سووتەمەنییە و ئەندامی سەرەکی ڕێکخراوی ئۆپێکە، بەڵام خەڵکی نێوخۆی ئەو وڵاتە بەردەوام کێشەی نەبوونی سووتەمەنییان هەیە و ڕۆژانە لەگەڵ نەبوونی سووتەمەنی، گرانبوون و جیرەبەندیکردنیان و هتد، بەرەڕوو دەبنەوە

گرانبوونی و جیرەبەندیکردنی سووتەمەنییەکان و بەتایبەت بەنزین بووەتە باسی سەرەکی لە ئێراندا و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەم بارەوە هەر کامەیان لێدوانێک دەدەن.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریییەکانی فارس، تابناک، جەوانان، جەوانانی ئانلاین و ڕۆژنامەکانی "دنیای اقتصاد" و "اخبار صنعت" و چەند سەرچاوەیەکی تری ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە، کە جیرەبەندیکردنی بەنزین لە لایەن حکوومەتەوە پەسەند کراوە و لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۹ی بانەمەڕ، لە سەرتاسەری ئێراندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وێڕای جیرەبەندیکردنی بەنزین، هەواڵدەریی فارس و ڕۆژنامەی "اخبار صنعت"، بڵاویان کردووەتەوە، کە نرخی هەر لیترێکی بەنزینی ئاسایی جیرەبەندیکراو دەبێتە ۱۰۰۰ تمەن و جیرەی هەر ترۆمۆبیلێک لە مانگدا ۶۰ لیتر دەبێت، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەو ۶۰ لیترە بۆ چ جۆرە ترۆمۆبیلێک دەبێت.

لەم پەیوەندییەدا، سەرچاوە هەواڵدەرییە خۆجییەکان و بڕێک لە سەرچاوەکانی ڕێژیمیش ڕایانگەیاندووە، لە ئەگەری جیرەبەندیکردنی بەنزین لە ئێراندا، بەنزینی ئازاد دەبێتە لیترێک ۲۵۰۰ تمەن و سووپێریش دەبێتە لیترێک ۳۰۰۰ تمەن.

لە سەرەتای مانگی بانەمەڕدا، ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد" بڵاوی کردەوە، کە بەپێی بەراوردەکان، لە ئەگەری جیرەبەندیکردنی بەنزین، نرخی هەر لیترێک بەنزین ۲۰ تاکوو ۳۰ لەسەد گرانتر دەبێت، واتە هەر لیترێکی بەنزینی ئاسایی جیرەبەندیکراو ۱۰۰۰ تمەن و بەنزینی سووپێری جیرەبەندیکراو ۱۲۰۰ تاکوو ۱۳۰۰ تمەن دەبێت.

لەم پەیوەندییەدا و لە چەند شارێکی ئێراندا، کەمپەینێک لەژێر ناوی "نا بۆ گرانبوونی بەنزین"، دەستی پێ کردووە و لەو کەمپەینەدا ڕایانگەیاندووە، کە خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر هەڵکشانی خێرای نرخی بەنزین لە ئێراندا، لە هەر کوێیەک ترۆمۆبیلەکەیان بەنزینی تێدا نەما، بیکۆژێننەوە و بەجێ بهێڵن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێراندا هاوکات گازی cng و بەنزین بۆ بڕێک لە ترۆمۆبیلەکان بەکار دەهێنن و نرخی گازی cngـیش ڕووی لە هەڵکشانە.