کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەنێرەکانی قاسم سلێمانی لە عێراق ئاگر تێبەردەدرێن

16:50 - 29 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: نە تەنیا خۆپیشاندەران لە ئێران و کوردستان، بەڵکوو خۆپیشاندەرانی عێراقیش بەنێرەکانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" ئاگر دەدەن.

خۆپیشاندەرانی عێراقی لە درێژەی خۆپیشاندانەکانیاندا، ئەمجارە بەنێرەکانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" و"ئەبوو مەهدی موهەندیس" ئاگر دەدەن و بەم شێوەیە بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردان و سیاسەتەکانی دەردەبڕن.

خۆپیشاندەرانی عێراقی پێشتریش لە کاتی کوشتنی ئەو پاسدارە تێرۆریستەدا بە بڵاوکردنەوەی شیرینی و شایی لە شەقامەکاندا، خۆشحاڵیی خۆیان بەنیسبەت کوشتنی ئەو تێرۆریستەوە دەربڕیبوو.

خەڵکی ناڕازیی عێراق خوازیاری چوونە دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و باڵەکانی لە نێو سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵاتەکەیانن.

هەر لەو پەیوەندییەدا خۆپیشاندەرانی خەڵکی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دژ بە هێرشەکەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر فڕۆکەی ئۆکراینی، بەنێر و پۆستێرەکانی ئەو پاسدارە تێرۆریستەیان لە دیوارەکانی شارەکان لێ دەکردەوە و ئاگریان دەدان.