کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهای هەناردە و هاوردەکردنی ئێران دابەزیوە

13:29 - 27 بانەمەڕ 2720

بەهای هەناردە و هاوردەکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەیڕەوکردنی وڵاتانی دیکە لە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، بارودۆخی هەناردە و هاوردەکردنی ئەو ڕێژیمەی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەنیسبەت خاکەلێوەی ساڵی ڕابردووی بەراورد کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەهای هەناردەکردنی نانەوتیی ڕێژیم ٩٤٣ میلیارد دۆلار و بەهای هاوردەکراویش ٤٠٤ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

بەهای هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بە ٣٦ لەسەد دابەزین، لە ٢ میلیارد و ٥٩٥ ملیۆن دۆلار لە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، بە یەک میلیارد و٦٥٢ ملیۆن دۆلار لە خاکەلێوەی ئەمساڵ گەیشتووە.

هەروەها بەهای هاوردەکراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەک ساڵەدا، لە ٢ میلیارد و ٣٣٥ ملیۆن دۆلار بە یەک میلیارد و ٩٣١ میلیۆن دۆلار گەیشتووە کە ١٧ لەسەد دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، وڵاتانی "چین، ئیمارات، عێراق، ئەفغانستان و تورکیە"ی وەک وڵاتانی سەرەکیی هەناردەکراو ناو بردووە و باسی لە زیاترین ئاماری هاوردەکراوی لە وڵاتانی "چین، ئیمارات، تورکیە، هیند و هولەند" کردووە.

ئەو دامەزراوەیەی ڕێژیم لە ماوەی پێشووتردا باسی لەوە کردبوو، مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکیە بەهۆی ڕەچاوکردنی گەمارۆوە ئابووریەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران بە ڕێژەی ٧٠ لەسەد دابەزیوە.

بەهۆی گەمارۆوە هەمەلایەنەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زۆربەی وڵاتان بەو گەمارۆیانە پێبەند بوونە و لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خۆیان بواردووە. شیرکەتە نێودەوڵەتییەکانیش سەرمایەگوزاری لە ئێرانیان ڕاگرتووە.