کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهای گاز و بێنزین لە ئێرندا گرانتر دەبێت

12:43 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی بەهای گاز لە ئێراندا، ئەگەری زۆری هەیە بێنزینیش گرانتر بکرێت.

بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و هەڵکشانی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا، گرانبوون و هەڵاوسانی نرخەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەو وڵاتەدا پەرە دەستینێت و بەم هۆکارەشەوە زۆرتری گوشارەکانی گرانبوون و هەڵکشانی بەهاکان لە ئێراندا، لەسەر چینی هەژاری کۆمەڵگای ئەو وڵاتەیە کە زۆربەی دانیشتووانی ئێران دەگرێتەوە و تەنانەت ئەو گوشارانەش چینی ناوەندی و مامناوەندیشی گرتووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لەسەر گرانبوون و هەڵکشانی بەهای گازی ‌cng و ئەگەری زۆری گرانبوون و جیرەبەندیکردنی بێنزین، چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆریان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیم، بڕیارنامەی گرانبوون و هەڵکشانی بەهای گازی cng ‌پەسەند و ڕەوانەی ناوەندە جێبەجێکارییەکانی ڕێژیمی کردووە و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە گازی cng لە سەرتاسەری ئێراندا  ۹.۵ لەسەد گران دەبێت و بەم هۆکارەشەوە ئەگەری زۆری جیربەندی و گرانتربوونی بێنزین هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە، ۱۲ی ڕەشەمەی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بەهای هەر مێترێکی چوارگۆشەی گازی cng لە ئێراندا، لە ٤۱٤ تمەنەوە بۆ ٤۵۳.۲ تمەن هەڵکشا و ئەم بەهایەش لە لایەن هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیمەوە پەسەند و لە ڕۆژی شەممەی ۲۵ی هەمان مانگدا ڕەوانەی وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی (صنعت و تجارت)، ڕێکخراوی مللیی ستاندارد و ڕێکخرای بەرنامە و پلاندانانی ئێران کرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

پاش یەک مانگ لە تێپەڕینی ئەو بڕیارە و ڕاگەیاندنی ئەو بەهایە، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، جارێکی تر باس لە هەڵکشان و گرانبوونی بەهای گازی cng لە ئێراندا دەکەن و بەم هۆکارەشەوە باس لە گرانبوون و هەڵکشانی بەهای بێنزین دەکرێت.

لەم بارەوە هەواڵدەریی فارس، ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی خاکەلێوە، بەپێی سەرچاوە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند: کەمتر لە یەک مانگی داهاتوو، وێڕای گرانبوون و هەڵکشانی بەهای بێنزین، جارێکی دیکە بێنزین دوونرخی و جیرەبەندی دەکرێتەوە.

هەر لەم بارەوە، ڕۆژنامەی "دنیا اقتصاد"، ڕۆژی پێجشەممە، ۲۹ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە بەپێی بەراوەردەکان ئەگەری زۆری هەیە بەهای بێنزین ۲۰ تاکوو ۳۰ لەسەد گران بکرێت، واتە هەر لیترێکی بێنزینی ئاسایی بەپێی جیرەبەندی ۱۰۰۰ تمەن و بێنزینی سووپێر بەپێی جیرەبەندی لە نێوان ۱۲۰۰ تاکوو ۱۳۰۰ تمەن دەبێت.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ لە ئەگەری گرانبوون و جیرەبەندیکردنی بەهای بێنزین، جیرەی ترۆمۆبیلە سوارییە خەڵکی و ئاساییەکان ۶۰ لیتر دەبێت و لەو حاڵەتەشدا ئەو ترۆمۆبیلانەی کە به گازی cng و بێنزین کار دەکەن ٤۰ لیتر دەبێت، بەڵام جیرەی ترۆمۆبیلە حکوومەتییەکان بەتایبەت ناوەندەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە وەکوو ئامبۆلانس و ... ، زیاتر دەبێت.

شارەزایان لەم بارەیەوە پێیان وایە کە لە ئەگەری گرانبوون و ئەو هەڵکشانانەی کە ئاماژەیان پێ دراوە، بەهای هەر لیترێکی بێنزینی ئاساییی جیرەبەندینەکراو لە نێوان ۲۳۰۰ تاکوو ۲۵۰۰ تمەن زیاتر دەبێت و هەر لیترێکی بێنزینی سووپێری جیرەبەندینەکراو ۲۷۰۰ تاکوو ۳۰۰۰ تمەن زیاتر دەبێت.