کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ بەهمەن پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی شۆڕشی گەلانی ئێراندا

23:49 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئاخوندەکانی دەوروبەری خومەینی، ٤٠ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکدا، بە تەقییە و فریودانی خەڵکی ئێران، دەستیان بەسەر شۆڕشێکدا گرت کە ساڵەها بوو خوێنی بۆ دەدرا.

ئەمڕۆ ٢٢ی بەهمەن، چل ساڵ بەسەر دەسەڵاتی ڕێژیمێک تێدەپەڕێت، کە بناغەکەی لەسەر خوێن و سەرکوت و درۆ دانراوە و لە هەموو شێوازێکی ناڕەوا بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات کەڵکی وەرگرتووە.

چل ساڵ پێش، لە وەها مانگێک، کاتێک خەڵکی ئێران هەموو بە تێکڕا بە بۆنەی ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆری پاشایەتی شاد و خۆشحاڵ ببوون، ئەو دەسکەوت و ئاواتە لە لایەن کەسانێکەوە دەستی بەسەردا گیرا، کە هەزاران ساڵ لە ئازادی و بەختەوەری بەدوور بوون و تەنیا شتێک کە لە لایان گرنگ بوو، بەرژەوەندیی تاقم و گرووپی خۆیان بوو.

ڕێژیمی ئیسلامیی خومەینی، کە بە ناوی ئیسلام و جێگیرکردنی عەداڵەتی ئیسلامییەوە هاتە سەرکار و وادەی ژیانێکی بەختەوەر و یەکسانی بە خەڵک دەدا، نەک تەنیا ئەو شتانەی بەدی نەهێنا، بەڵکوو بەپێچەوانە هەم سیمایەکی پێچەوانەی لە ئیسلام پیشان دا و هەم ئەو عەداڵەتەی کە خومەینی باسی لێوە دەکرد، خوێنڕشتن و زیندان و سەرکوتی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران بەگشتی و نەتەوە بندەستەکانی ئێران بەتایبەتی بوو.

خومەینی لە یەکەم ڕۆژەکانی گەڕانەوەی بۆ ئێران، وادەی ئەوەی بە خەڵک دەدا کە هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی، ڕاستەوخۆ بە قەد پشکی خۆی پارەی نەوتی پێ دەدرێت و ڕێژیمەکەی ئەو حکوومەت دادپەروەرەیە، کە لە هەموو بوارێکدا بەپێی ڕێساکانی ئیسلام هەنگاو هەڵ دەگرێت، بەڵام ئەوەی کە لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە هەڵسوکەوتی ئەم ڕێژیمە بینراوە تەنیا دادپەوروەری نەبووە.

عەداڵەت لە سیستمی ڕێژیمی ئێران تەنیا لەسێدارەدانی دژبەران، گەورەترکردنی ڕووبەری زیندانەکانە، چونکە لە فەلسەفەی ئەو ڕێژیمە تەنیا چارەسەریی کێشە و قەیرانەکان ئێعدام یان دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانە، ئەویش نەک هاووڵاتییانی کە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکانیان پێشێل کردبێت، بەڵکوو ئەو هاووڵاتییانەی کە لە چوارچێوەی عەقڵیەتی ئەو رێژیمە لایان دابێت، دەنا هەر بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیم، ساڵ نییە کە گەورەدزێک دەسبەسەر نەکرابێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هەم یەکێک لە مۆرەکانی خۆیانە و هەم مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیی ڕێژیم نەبووە، نەک هیچ سزایەک نەدراون، بەڵکوو پلە و پۆستی گرنگتریان پێ بەخشراوە.

ئەگەرچی هەموو ئەو حکوومەتانەی ئێران کە  دەسەڵاتی ناوەندییان بە دەستەوە بووە، بە تێکڕا دژی کورد بوون و بە شێوەیەکی شوونیستی هەوڵی قەڵاچووکردنی نەتەوەی کورد و سەپاندنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان بەسەر کوردستان بوون، بەڵام ئەم ڕێژیمە لە هەمبەر کوردستان بەگشتی و خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، سیاسەتێکی چەند چەشنی لەبەر گرتووە، بە هۆی ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم خاوەن پێکهاتەی سونی مەزهەب و شێعە مەزهەب و هەروەها ئایینەکانی دیکەیە، ڕێژیمی خومەینی هەم سیاسەتی ستەمی نەتەوەیی و هەم سیاسەتی ستەمی ئایینزایی، بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کوردی لە خۆرهەڵات لەبەر گرتووە.