کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بارینی باران لە چەندین شار و ناوچەی کوردستان لافاو هاتووە

18:09 - 29 رێبەندان 2720

بارینی بارانی بەخوڕ بووەتەوە هۆی ئەوەیکە ئاوی چۆم و ڕووبارەکان زیاد بکات و بەم هۆیەوە لە چەند شار و گوندی کوردستان لافاو هاتووە.

لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد، پیرانشار، مەریوان و نەغەدە و هەروەها لە گوندەکانی "میراوای مەرگەوەڕ، فلکان و دزەی مەرگەوەڕ" لافاو هاتووە و شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شار و گوندانە گیراوە.

 لە نەغەدە شەقامەکان پڕ بووە و ئاو چووەتە نێو دووکانەکانەوە. هاوکات لە گوندەکانی مەرگەوەڕ هۆشداری بە خەڵک دراوە کە لە ڕووبارەکان نزیک نەبنەوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەیکە ڕێگاوبان و شەقامەکان بە شێوەی ستاندارد دروست نەکراون و ڕێڕەوی ئاوەکان دیاری نەکراوە، لافاوەکان زیانی لێ کەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە خەڵک دەڵێن، کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتی لافاوەکاندا هیچ هاوکارییەکی خەڵک ناکەن و خۆیان لە کاتی پرۆژەکاندا بەشێک لە کێشەکانیان دروست کردوون.