کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بارینی تۆز و خۆڵەوە دۆخی هەندێک لە شارەکانی ئێران ناجێگیرە

13:56 - 17 بانەمەڕ 2720

بەهۆی بارینی تۆز و خۆڵ و هاتنی بای توند، دۆخی کەش و هەوای هەندێک لە شارەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر پیس بووە و بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیان و ژیانی خەڵک.

لە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕەوە، شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ بارین لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە کە بەشێک لە پارێزگاکانی گرتووەتەوە کە بریتین لە: "خووزستان، سیستان و بەلووچستان، هەمەدان، ئیسفەهان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، لوڕستان و زەنجان"؛ هەروەها دوو پارێزگای "ئیلام و کرماشان" لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتووەتەوە.

ئەو دۆخەی کەش و هەوا بووەتە هۆی داخرانی یەکجاریی هەندێک لە شارەکان و مەترسیی خستووەتە سەر تەندروستیی خەڵکی ئەو شارانە.

ڕێکخراوی کەش و هەوای ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی کەش و هەوا و بارینی تۆز و خۆڵ لە ڕۆژانی داهاتوودا هۆشداریی داوە.

سەرەڕای دۆخی نالەباری شارەکانی کوردستان و ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاتنی تۆز و خۆڵیش کێشە و قەیرانێکی دیکەیە کە خەڵکی تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کردووە.