
بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دەیان کێشەی دیکەی وەکوو بێکاری لە پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیر ئەحمەد حەشیمەتێکی زۆر لە گوندەکانی ئەو پارێزگایە ڕوویان لە شارەکان کردووە، بە شێوەیەک کە زۆرێک لە گوندەکان بە تەواوی چۆڵ کراون.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە پێکهاتەی خانوبەرەکانی ئەو گوندانە کۆن بوونە و بەهۆی نەبوونی هیچ یارمەتییەک لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران خەڵک ناتوانن خانوبەرەکانیان نۆژەن بکەنەوە.
هەروەها خەڵکی ئەو گوندانە لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەری کراون، بۆیە لە ڕووی ناچاری ڕوو لە شارەکان دەکەن.
پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیر ئەحمەد هەزار و ٦٤٥ گوندی هەیە.
نەبوونی هەلی کار و زۆرێک لە پێداویستییەکان لە گوندەکان وای کردووە کە خەڵکی گوندەکان ڕوو لە شارەکان بکەن و ئەمەش پەرەی بە دیاردەی پەراوێزنەشینی لە شارەکان داوە.