کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم لە "کوهدەشت"، ئەگەری ڕۆچوونی زەوی لە ئارادایە

12:26 - 28 پووشپەڕ 2722

سەرەڕای ئەوەی شاری "کوهدەشت" سەر بە پارێزگای "لوڕستان" لەگەڵ قەیرانی کەمیی ئاو بەرەوڕووە، ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو پارێزگایە پرۆژەی ڕاکێشانی ئاوی بۆ ١٢ گوندی ئەو شارە بە نیوەچڵی بەجێ هێشتووە و گوێی پێ نادات.

بێ ئاوی لە "کوهدەشت" وای کردووە کە لەڕادەبەدەر لە ئاوی ژێرزەوی کەڵک وەربگیرێت و بەو هۆیە شیمانە دەکرێت ڕۆچوونی زەوی لەو شارە ڕوو بدات؛ لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت کە بنی ئەو شارە هەڕۆڵ بووە و خەریکە خاکەکەی ڕۆ دەچێت.

سەرباری بێ ئاوی، خەڵک لەگەڵ بێکاری و هەژاری بەرەوڕوون و بەرپرسانی ڕێژیم چارەیەک بۆ ئەو دۆخە قەیراناوییە نادۆزنەوە.

لەلایەکی ترەوە و لە ئیلام، سەرەڕای پلەی بەرزی گەرما، لە شارەکانی "ئیلام و چوار" نان دەست ناکەوێت و لە زۆرێک لە نانەواخانەکاندا خەڵک بۆ دابینکردنی نان دەبێ ٢ کاتژمێر لە ڕێزی ناندا ڕاوەستن.