کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بەفربارینەوە زۆربەی ڕێگاوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داخراون

11:36 - 29 بەفرانبار 2721

بارینی بەفر سەرەڕای ئەوەی کە بزەی خستە سەر لێوی خەڵکی کوردستان و بوو بەهۆی ئەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و لەنێو شەقامەکاندا هەڵپەرن، بەڵام کێشەی داخستنی ڕێگاوبانەکانیشی لێ کەوتووەتەوە.

لەمبارەوە "ڕامبۆد نۆزەری" جێگری ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای "سنە" وتوویەتی: "سەرەڕای کۆنەکردنەوەی ئامارێکی ڕێکوپێک، ٦٢٠ گوندی پارێزگای سنە جگە لە شارەکانی سەقز و کامێران، بەهۆی بەفربارینەوە داخراون".

هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممەوە کە شەپۆلێکی زۆری بەفربارین دەستی پێ کردووە، ڕێگای سەرەکیی "سەوڵاوا - مەریوان و سەوڵاوا - سنە" بەهۆی سەریەک کەوتنەوەی ماشینەکان لەگەڵ کێشەی ترافیک بەرەوڕوو بووەتەوە و هاتووچۆ بە شێوەی ئاستەم و زنجیری تەگەرەوە جێبەجێ دەکرێت.

لەو پەیوەندییەدا فەرمانداری "سەوڵاوا" وتوویەتی: "بەهۆی بەفربارینەوە ڕێگای پەیوەندیی تەواوی گوندەکانی ئەو شارستانە داخراون و لە ئێستادا پچڕانی بەرق لەو شارەدا بووەتە کێشەی سەرەکی و هەروەتر ڕێگای گشت گوندەکان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە".

لەلایەی دیکەوە خەڵکی "ڕوانسەر" گلەییان لە ئیدارە پەیوەندییدارەکانی ئەو شارە کردووە و وتوویانە کە زۆر کەم خوێ بە کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەدا دەکەن، بە شێوەیەک ڕێگاوبانەکان هەر وەک خۆیان ماونەتەوە.

هەروەها چەندین کەسایەتی لە شاری "بۆکان" داوایان لە کاربەدەستانی ئیدارەی فەرمانداری و شارەداریی ڕێژیمی ئێران لەو شارە کردووە کە ئەو بەفرەی چەند ڕۆژە باریوە لە شەقامە سەرەکییەکانی شار ڕاماڵن و خاوێنیان بکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.