کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی دابەزینی ئاوی گۆلی ورمێ، کەڵەکێوییەکانی دوورگەکان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە

16:36 - 15 رەزبەر 2721

بەرپرسێکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ورمێ باسی لەوە کردووە، دابەزینی ڕێژەی ئاوی گۆلی ورمێ بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە دوورگەکانی ''ئەشک و کەبوودان'' لەگەڵ وشکانییەکانی بەشی باشووری ئەو گۆلە تێکەڵ ببێت و ئەمە مەترسیی بۆ کەڵەکێوییەکانی ئەو دوورگانە دروست کردووە.

''حجەت جەباری'' یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ وتوویەتی، لە ئەگەری دەرچوونی ئاژەڵان لەو دوو دوورگەیە، ژیانی جۆرەکانی ئەو ئاژەڵانە لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

گۆلی ورمێ بەهۆی وشکەساڵی و کەم بارین و بەتایبەت خەمساردی و گرینگی پێنەدانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەرەو وشکبوون دەچێت.

بەرپرسێکی ناوچەیی لە پارێزگای ورمێ مانگی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە ئاوی گۆلی ورمێ ٤٠ لەسەد دابەزیوە.

پێشتریش ''فاتمە ئەمان'' لیکۆڵەری باڵای ''دامەزراوەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن" وتبووی، ئەوەی کە وەکوو ژیانەوەی گۆل و تاڵاوەکان باسی دەکرێت، کاتییە و بەرپرسان دەبێ بەنیسبەت قەیرانی ئاو وەکوو گرفتێکی ئێکۆسیستمی لێ بڕوانن و دەرفەتێکی زۆر بۆ ڕزگارکردنی ئەو دۆخە لە ئارادا نییە.