کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی قەیرانی کاغەز لە ئێراندا، کتێبە دەرسییەکان چاپ ناکرێت

12:32 - 21 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قەیران و نەبوونی کاغەز لە ئێراندا، بووەتە هۆی ڕاگرتنی چاپکردنی کتێبە دەرسییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

"عەلی باقرزادە"، جێگری گەشەی سەرچاوەکان و پشتیوانیی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و بەرنامەداڕێژیی فێرکاریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، باسی لە کێشەکانی قەیرانی کەمیی کاغەز کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە، کتێبە دەرسییەکان چاپ بکەن و لەگەڵ کێشە بەرەوڕوون.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە قەیرانی کاغەز سەرەڕای ئەوەی چاپکردنی کتێبە دەرسییەکانی تووشی کێشە کردووە، بەڵکوو گرانتریشی کردوون.

ناوبراو زیادی کردووە: "نرخی کتێب بە چاو لە ساڵی ڕابردوو، لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی، بە ڕێژەی ١٠ لەسەد و بۆ قۆناغی دواناوەندیش بە ڕێژەی ١٥ هەتا ١٧ لەسەد، گرانتر بووە".

هەر لەم ڕاستایەدا پێشتر، "موجتەبا شەریعەتی"، جێگری پەروەردەی وەزارەتی علووم، لە بەخشنامەیەکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانی ئێران، داوای کردبوو کە ئاگاداری بەکارهێنانی کاغەز بن و چاپکردنی پایاننامە، ڕاپۆرت و بابەتە دەرسییەکانی قەدەغە ڕاگەیاندبوو.

لە کاتێکدا ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەی ڕێژیم، لەگەڵ قەیرانی کاغەز بەرەوڕوون و تەنانەت ناتوانن کتێبە دەرسییەکانیش چاپ بکەن، بەڵام هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بڵاویان کردەوە کە زیاتر لە چەند میلیارد تمەن بۆ کڕینی کاغەزی جگەرە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دابین کراوە.