کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی مانگرتنی کامیونداران لە شارەکانی کوردستان بێنزین دەست ناکەوێت

13:05 - 12 پووشپەڕ 2721

دوای پێوەستبوونی کامیونداران بە مانگرتنی گشتیی کرێکارانی شیرکەتەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، چەندین شاری کوردستان تووشی کەمیی بێنزین بوونە و کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە.

بەپێی ئەو گەرتە ڤیدیۆیانەی کە لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و بۆکان بۆ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" نێردراون لە وێستگەکانی بێنزینی ئەو شارانە بێنزین زۆر بە کەمی وەدەست دەکەوێت و بەو هۆیەوە خەڵک ناچار بوونە بۆ کڕینی بێنزین لە سەفی دوورودرێژدا ڕاوەستن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری پیرانشار بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە کە لە هەر ٤ وێستگەی بێنزینی ئەو شارە بێنزین وەدەست ناکەوێت و دۆخێکی سوور هاتووەتە پێش، بە جۆریک کە ئەگەری هەیە نانیش وەدەست نەکەوێت.

١٤ ڕۆژ بە سەر مانگرتنی هەزاران کرێکاری زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای نەوتی تێدەپەڕێت و مانگرتنەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئێران زیاتر پەرە دەسێنێت.

لەو پێوەندییەدا ''یەکیەتیی کامیۆنداران و شۆفیرانی سەرتاسەری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوپێوندیی خۆیان لەگەڵ داواکاریی کرێکاران ڕاگەیاند و وێڕای ئەوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانیان گرتووە.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ هەوڵێکیان بۆ وڵامدانەوەی داواکارییەکانی کرێکاران و سێنفەکانی دیکە نەگرتووەتەبەر.

کارناسان باس لەوە دەکەن ئەگەر ئەو دۆخە بەو شێوە بڕواتە پێش قەیرانی زیاتر دێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە هەموو نۆرمەکانی کۆمەڵگا بەرەو تێکچوون دەچێت.