کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی نادادپەروەی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی بەڕێوە چووە

12:50 - 16 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕ پەرستارانی پەیمانکار و فەرمانبەرانی تەندروستی و دەرمانی لە شاری "کرماشان" سەبارەت بە دەرکردن و کەمکردنەوەی کادری دەرمان لە دوای کەمبوونەوەی پەرەسەندنی کۆرۆنا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاوکات فەرمانبەرانی تەندروستی و دەرمانی "خوڕەم ئاباد" لە پارێزگای "لوڕستان" سەبارەت بە کەڵکوەرنەگرتن و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لە بەردەم پارێزگای ئەو پارێزگایە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایان وتوویانە: "دوێنێ قارەمان بووین ئەمڕۆ خانەنشین... دەبینن ئەو بەرپرسانە چییان لە ئێمە کردووە، سەردەمێک قارەمان بووین و پارێزەری لەشساغی بووین! ئێستا چی؟! هیچ بەرپرسێک بیر لەوە ناکاتەوە کە ئایا ئێمە نانی شەومان هەیە یان نا؟ یان شەرمەزاری بنەماڵەکەمانین یان نا؟ ڕوونە کە بۆیان گرینگ نییە".

لەلایەکی دیکە خەنەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە "کرماشان، شووش، خوزستان، لوڕستان، ئیسفەهان، کرمان و چوارمەحاڵی بەختیاری"، بەهۆی نادادپەروەی و دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان، بەردەوام لە حاڵی خۆپیشاندان و ناڕەزیەتی دەردەبڕن.