کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هاتنی لافاو لە کرمان ٥ هەزار بنەماڵەی گوندنشین گەمارۆ دراون و ڕێگای ٣٣٠ گوندیش داخراون

17:11 - 29 بەفرانبار 2721

بەدوای بارینی بێ وێنەی باران لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوو لە دەشتەکانی باشووری کرمان و هاتنی لافاو، ٥ هەزار بنەماڵەی گوندنشین گەمارۆ دراون و ٦ گوند چۆڵ کراون و بەشێک لە زەوییەکان ڕۆچوونە.

''عەلی زەینی وەند'' پارێزگاری کرمان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، ڕایگەیاند کە بەهۆی لافاو دەستپێڕاگەیشتنمان بە ٣٣٠ گوندی ئەو پارێزگایە نییە.

بە وتەی ناوبراو، بەربڵاویی ئەو لافاوە ٢٥ هەزار کەس لە دانیشتووانی گوندەکانی گرفتار کردووە و ٣ منداڵ بەهۆی بێ موبالاتی لە ڕووباردا خنکاون.

هەروەها فەرمانداری شاری ڕیگان لە کرمان وتوویەتی کە سێ کەس بەهۆی لافاو لە ناوچە کوێستانییەکانی ئەو شارستانە بێ سەروشوێن بوونە.

هەروەها نزیکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی هاتنی لافاو لە پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، سیستان و بەلووچستان و فارس لانیکەم دە کەس گیانیان لەدەست دا و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.

هاوکات لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی بارینی بەفری قورس ڕێگای نێوان سەدان گوند داخراوە و هاتوچووەکان ڕاگیراون و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە بێ توانایی خۆیان لەمەڕ خزمەتگوزاری بە خەڵک پیشان داوە.