شەوی پێنجشەممە گرووپی تێرۆریستیی داعش لە دوو مێحوەری پێنج و شەشی پێشمەرگە لە "پردێ و بزمارەن" هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک بریندار بوو.
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "ئەمشەو سێ چەکداری داعش بە نیشانشکێن تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد کە لە هەمان ناوچەیەدا ساڵی پار هێرشیان کردبوو و پێنج پیشمەرگە شەهید بوون".
هاوکات هێزەکانی پێشمەرگە بەرپەرچی پەلامارێکی دیکەی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشمەرگەیەک بریندار بووە.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هێرشە لە سنووری مێحوەری ٦ی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بووە و چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرێکی لەشکری ١٨ی پیادە لە بزمارە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چیای "قەرەچووخ".