کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی پێوەندی ماڵی لەگەڵ ئێران، بانکێکی فەڕانسەوی جەریمە کرا

10:48 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بانکێکی فەڕانسەوی بەهۆی پێوەندی ماڵی لەگەڵ ئێران، کووبا و سودان بە بڕی ١ میلیارد و ٣٤ میلیۆن دۆلار لەلایەن ئامریکاوە جەریمە کرا.

ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە سزادانی بانکی "سووسیتە ژنراڵ"ی فەڕانسەوی بەبڕی ١ میلیارد و ٣٤ میلیۆن دۆلار، لەلایەن ئامریکاوە کرد کە لەلایەن بەڕێوەبەریی بانکەکەوە قبووڵ کراوە.

بەوتەی لێپرسراوانی ئامریکایی ئەم بانکە بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئاڵووێری ماڵیی بۆ وڵاتانی تەحریمکراو لەلایەن ئامریکاوە سزا دراوە کە لەماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٣ تاکوو ٢٠١٣ هاوکاری دامەزراوە ئێرانییەکان و چەند وڵاتی دیکەی کردووە کە بڕەکەی بریتییە لە ١٣ میلیارد دۆلار.

ئەمە دووهەمین سزادانی لەم چەشنەیە بۆ سەر بانکێکی ئورووپایی لەلایەن ئامریکاوە؛ پێشتریش هەر بە هەمان هۆکار "بی ئێن پی پاریباس" کە ئەویش بانکێکی فەڕانسەوی بوو بە دانی ٩ میلیارد دۆلار جەریمە کرابوو.

ئامریکا ڕایگەیاندووە: باقی بانکەکان دەبێ دەرسیان وەرگرتبێت؛ ئەنجامدانی یاساکانی تەحریم لە سەرەتی ئیدارەی ئامریکادایە و چاو لە هیچ هەڵەیەک نانووقێنێت.