"بێهرووز موحیبی" بەناو نوێنەری خەڵکی "سەبزەوار" لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی، بەهۆی نەبوونی ژێرخانی گونجاو بۆ پەروەردە و بارهێنان، ئاماری وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن لە ناوچە بێبەشەکان بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
بە وتەی ئەو نوێنەرەی ڕێژیمی ئێران ئێستاش هەندێک لە گوندەکان بە ئینتێرنێتی ٢ گیگابایتی کار دەکەن.
زۆربەی ئەو قوتابییانەی واز لە خوێندن دێنن دواتر تووشی کاری خراپ دەبن کە گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان زیاترین ئاماری هەیە.
لە ئێراندا ٥ پارێزگا زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنیان هەیە کە قوتابییان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری واز لە خوێندن دێنن.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٥ پارێزگای "ورمێ، سیستان و بەلووچستان، خوراسانی ڕەزەوی، خووزستان و تاران" زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنیان لە قۆناغی سەرەتاییدا هەبووە.
هەروەها لە ساڵی نوێی خۆێندندا لە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی ٥ پارێزگای ئاماژەپێکراو زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنیان هەبووە.
لەدوای بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و قوتابخانە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.