کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی کۆرۆناوە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە دۆخیکی مەترسیداردان

12:35 - 8 پووشپەڕ 2720

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو دۆخێکی قەیرانی بردووە و بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، خەڵک خۆیان ناچار بوون کە کۆنترۆڵی ئەو دۆخە بەدەستەوە بگرن.

ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە بۆکان هەروا بەرەو هەڵکشان دەڕوات. بەڵام لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم لەو شارە هیچ گرینگییەک بەم دۆخە نادرێت، هەروەها خەڵک بۆ خۆیان بڕیاریان داوە دووکان و بازاڕەکان دابخەن.

خەڵکی بۆکان بەهۆی ئەوەیکە تاقیکارییەکانی کۆرۆنایان بۆ ورمێ نێردراوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، بەشێک لەو کەسانەی کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، دوای مردنیان وڵامی تاقیکارییەکانیان هاتووە.

لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا، ٤ کەس لە بۆکان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.

هەروەها لە مەهاباد بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا دۆخەکە بە ڕادەیەک مەترسیدار بووه کە نزیکەی ١٠ ڕۆژە زۆربەی دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە داخراون.

ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە مەهاباد بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە سپای تێرۆریستی پاسداران نەخۆشخانەی سەحرایی لەو شارە دادەمەزرێنێت.

دامەزراندنی نەخۆشخانەی سەحرایی لە مەهاباد بەپێچەوانەی ئیدعاکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە باسیان لەوە دەکرد دۆخی شارەکەی ئاساییە، دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی ئەو شارە بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە قەیرانییە.