کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی کۆرۆناوە، شارەکانی کوردستان و ئێران لە دۆخێکی مەترسیداردان

12:47 - 14 پووشپەڕ 2720

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان و ئێران هەروا زیاتر تەشەنە دەستێنێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە ١٢ شارستانی ئەو پارێزگایە لە دۆخی سووردا جێگایان گرتووە و مەترسییەکی گەورەی دروست کردووە.

پارێزگای کرماشان لە دۆخیکی هۆشداریدایە و بەم هۆیەوە بڕیارە سنوورداریەتییەکان بگەڕێندرێنەوە و زۆربەی هاتوچووەکان قەدەغە بکرێن.

هەروەها بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و ئیلام دۆخێکی مەترسیدار تێدەپڕێنن و لە هەندێک لە شارەکان دووکان و بازاڕەکان داخراون.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ئامار و زانیاریی ورد لەسەر ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان بە جیا لە پارێزگاکان بڵاو ناکاتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوکتور ''مسعوود مەردانی''، ئەندامی کۆمیتەی کۆرۆنای ئێران، باسی لەوە کردووە کە تاقیکارییەکانی ''سرولۆژی'' کە بە شێوەی "ڕێندۆم" ئەنجام دراوە، ١٨ ملیۆن کەس لە ئێران هەتا ئێستا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون.

لە حاڵێکدا بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئیران، زیاتر لە ٢٣٧ هەزار کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون و نزیک بە ١١هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.