بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە هاووڵاتییان لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە نزیک گوندی ''خوڕخوڕە و گەروس'' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردووەتەوە ژینگەی ئەو ناوچەیە بەرەو لەنێوچوون دەڕوات.
لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دارستانەکانی قەراخ ڕووباری "خوڕخورە" کە پەناگەی ئاژەڵان و هەروەها دیمەنێکی جوانی بە ناوچەیە بەخشی بوو، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بە تەواوی وێران کراوە.
هاووڵاتییەک لەو گرتە ڤیدیویەدا باس لەوە دەکات کە هیچ ناوندێک لەبەرامبەر ئەو کارەساتە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
هەروەها ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ''شامی شاروێران'' سەر بە شاری مەهاباد لەوەڕگە و ژینگەی ئەو ناوچەیان ئاگر تێبەردا کە بە دەیان هێکتار لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگەردا سووتان.
پێشتریش لەو ناوچەیە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی تەقاندنەوەی کانگا لە نزیک تاڵاوی ''کانی بەرازان'' خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو شوێنە گەیاندووبوو.