
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کەمیی بەرهەمهێنانی خۆراک لە ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەزاران ئێرانی بەم زووانە ناچار بن لە وڵات کۆچ بکەن.
ئەو هەواڵدەرییە کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خاروبار و وەرزێڕیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، هاوردەکردنی خۆراک بۆ ئێران بە شێوەی بەردەوام لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە.
ئەو ڕاپۆرتە پیشان دەدات کە لە ساڵی ٢٠١١ هەتا ٢٠١٥، ئێران بە شێوەی نێوەنجی ٢٣ لەسەدی گەنم، ٥٢ لەسەدی برنج و ٧١ لەسەدی گەنمەشامیی خۆی لەلایەن هاوردەکردنەوە دابین کردووە و بە وتەی ئەو ڕێکخراوەیە، کۆی گشتیی ٣٦.٦ لەسەدی بەروبوومی پێویست لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ بە شێوەی هاوردەکراو دابین کراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ تەنیا ١٨.٢ لەسەد بووە.
هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، وەرزێڕانی ئێران زیاتر لە ڕادەی ستاندارد لە ئاو کەڵک وەردەگرن و بە تەشەنەسەندنی قەیرانی وشکەساڵی و قەیرانە جیهانییەکانی هەڵکشانی نرخی خواردەمەنییەکان، لەوانەیە ئێران ٧٠ لەسەدی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەنێو بچن.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە بابەتی ئاو زۆر کەمتەرخەمن و ڕێژەیەکی زۆری ئاوی کوردستان لەلایەن سپای تێرۆریستییەوە بۆ کارگە و پرۆژەکانیان کەڵکی لێ وەردەگیرێت و گواستراوەتەوە بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران.