کوردستان میدیا: بە هۆی هەژاریی بنەماڵەکان لە ئێراندا، بەکارهێنەرانی شیرەمەنییەکان، کەم بوونەتەوە.
یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی زانستیی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی خواردن و پیشە خۆراکییەکانی ڕێژیم، لە پەیوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی شیرەمەنی و بەتایبەتی شیر لە لیستی خواردنی بنەماڵەکانی ئێراندا، وتوویەتی: "شیر لە سەبەدی غەزایی زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئێراندا نییە و ئەگەر چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزرێتەوە ، لە ١٠ هەتا ٢٠ ساڵی داهاتوودا شاهیدی بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە نەخۆشینگەلێکی وەک پووکانەوەی ئێسک، ڕاشیتیسم و باڵاکورتیی منداڵان دەبین."
وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "هەر کەسێک لە تەمەنی نێوان ١٨ هەتا ٥٠ ساڵیدا، دەبێت مانگانە ٨ لیتر شیر، ٣ کیلۆ ماست و نزیکەی نیو کیلۆ پەنیر بخوات. بەڵام بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەکارهێنانی شیرەمەنی بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو، ٢٥ لەسەد دابەزیوە."
زۆرێک لە کارناسانی خۆراک، هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە بۆ دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان و هەروەها بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ڕۆنی پاڵم لە شیر و باقیی بەرهەمە شیرمەنیییەکان لە لایەن کارخانەکان، گەڕاندووەتەوە.
سەرەڕای دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان، بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاری و تێچووەکانی ژیان، ڕێگەی لە بەردەم چەندین جۆر کاری نایاسایی و دوور لە پەرنسیپە مرۆییەکان خۆش کردووە، بە شێوەیەک زۆرێک لە کارخانەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشتنیان، لە بەرهەمهێنانی بابەتە شیرەمەنییەکان، لە جێگای ڕۆنی ئاژەڵی لە ڕۆنی پاڵم کەڵک وەردەگرن. ڕۆنی پاڵم پێک دێت لە ئەسیدەکانی چەوری و گلیسرۆل.
بە وتەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەکارهێنانی پاڵمتیک ئەسید، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و ڕێڕەوەکانی هەناسەدان بەرزدەکاتەوە.