کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گرانییەکان ڕێژیم ترسی لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان و ئێران هەیە

12:34 - 21 بانەمەڕ 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەڵکشانی نرخی جۆری خواردەمەنییەکانی وەکوو "مریشک و هێلکە"، ڕێژیم بەڵگەیەکی نەهێنیی بۆ ناوەندەکانی هێزی ئینتیزامی لە گشت شارەکانی کوردستان و ئێران ناردووە.

نێوەڕۆکی ئەو بەڵگەیە ترس و لەرزی ڕێژیمی پێوە دیارە کە ئەو گرانییانە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خەڵکی لێ بکەوێتەوە.

هەروەها ڕێژیم لەو بەڵگە نهێنییەدا باسی لەوە کردووە کە گرووپەکانی دژبەری ڕێژیم لەو دۆخە کەڵک وەردەگرن و خەڵک بە دژی ڕێژیم هان دەدەن.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە بەرەبەری ئەو گرانییە سەرسووڕهێنەرانەدا جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕای گشتی سەبارەت بەو بابەتە بە لاڕێدا ببات، خاکی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردنەوە.