کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانەوە ڕێژیم پەلاماری خەڵکی ئاسایی دەدات

00:49 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هەر ڕۆژ خراپتر بوونی دۆخی ئابووریی ڕێژیم بەهۆی ناکارامەیی دەسەڵاتداران و کاریگەری تەحریمەکانی ئامریکا، کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانییەوە هەوڵی تێکدانی ڕەوشی ژیان و گوشار خستنە سەر خەڵکی ئاسایی دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ لەمەوپێش ئیدارەی تەعزیرات و بازرگانی شاری سەقز بە پشتیوانی هێزی لیباس شەخسی چەند ئەنبارێکی کەلوپەلی خواردەمەنییان لەم شارەدا پلۆمپ کرد .

بەپێی ئەم هەواڵە بیانووی مەئمورەکان ئەوە بووە کە ئەو فرۆشیار و کۆمپانیانەی کاری  دابەشکردنی خواردەمەنییەکان دەکەن ئێحتکاریان کردووە؛ خاوەنی کۆمپانیاکانیش وێڕای ڕەدکردنەوەی ئەم بیانووانە لە وڵامدا دەڵێن ئەم قسانە بێجگە لە بیانوو بە خەڵک گرتن هیچ شتێکی دیکە نییە .

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەم پرسە، لە پێوەندییەکدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: ئەمجۆرە کارانەی ڕێژیم کە بە دنە و هاندانی ناوەندگەلی وەک ئیتلاعات و سپای پاسداران ئەنجام دراوە بە دوو مەبەستە: یەکەم گوشارهێنان بۆ خەڵکی ئاسایی و بەتایبەت بەدناوکردنی ئەو خاوەن کۆمپانیانەی کە لەکاتی تەنگانەدا بەهانای خەڵکەوە دەچن و دووهەم هەوڵێکی فریوکارانەیە بۆ ئەوەی بڵێن ئەوەتە ئێمە ئاگاداری ڕەوشی بازاڕین و ناهێڵین گەندەڵی لە بازاڕدا هەبێ، بەم شێوەیەش دەیانهەوێ کەم‌کاری و ناکارامەییەکانی خۆیان بشارنەوە.

یەکێک لەو کۆمپانیانەی کە لەلایەن تەعزیراتی سەقزەوە داخراوە بریتییە لە کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی ماددە خۆراکییەکانی "معلاپخش سقز" کە ئەنبارەکانی لە گەڕەکی قەوخی سەقزدایە.