کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گەندەڵیی ماڵی فەرمانداری بۆکان گۆڕدرا

17:46 - 9 بەفرانبار 2721

فەرمانداری پێشووی شاری بۆکان لەسەر کار لابردرا و بە جێگای ئەوە مۆریەکی دیکە بە ناوی "باباخان ئەسکەندەری" دانرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" کێشە و گەندەڵی لە نێوان "ئەنوەر حەبیب زادە" بەناو نوێنەری ڕێژیم،  "محەممەد ئەمین زادە" فەرمانداری بۆکان و "براخاس" ژن برای "ئەمین زادە" کە جێگری سیاسی ـ ئەمنییەتی فەرماندار؛ بوو بەهۆی گۆڕینی فەرماندار و جێگرەکەی.

بە جێگای "ئەمین زادە" پاسدارێک بە ناوی "باباخان ئەسکەندەری" خەڵکی شنۆ دانراوە.

"ئەنوەر حەبیب زادە" نوێنەری ڕێژیم کە خۆشی سەرهەنگی سپایە پاش چوون بۆ لای پاسداری تێرۆریست "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، حوکمی سەرپەرەستی بۆ پاسدار "باباخان ئەسکەندەری" وەرگرتووە و "محەممەد ئەمین زادە و براخاس" ژن برای ناوبرا لە فەرمانداری دەرکراون.

 گەندەڵی لە ئیدارەکان و شارەداریی بۆکان لەوپەڕی خۆیدایە و ڕۆژی چوارشەممە جێگری شارەداریی پێشووی بۆکان لەگەڵ چەند کارمەندی شارەداری و فرمانداری دەسبەسەر کراون.

 ئەو کەسانە ئیزنی ٣ هەزار خانوو بۆ ساختوسازیان بە خەڵکی هەژار بە ٢٠ ملیۆن تمەن فروشتووە.

هەتا ئیستاش هیچ بەرپرسێکی باڵای ڕێژیم کە دەستی ئەسڵی لە گەندەڵیدا هەیە دەسبەسەر نەکراون، بەڵکوو لە شارەکانی دیکە پۆستی باڵایان وەرگرتووە بۆ نموونە "بابەک ڕۆستەم پوور" کە کراوە بە شارەداری مەهاباد.